سەردێڕ:

گۆڕان: دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پاڵپشتی یاسایی نییە

فۆتۆ: 
2019-07-13

2182 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هیچ پاڵشتییەکی یاسایی نیە روونیشیکردەوە، بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی پارێزگا نابێت هیچ پۆستێک بە وەکالەت پڕبکرێتەوە.

رێبوار ئەحمەد بازیانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەش کرد، کەسێکی دیکە بە وەکالەت لە جێگەی بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی سلێمانی دانراوە، لە کاتێکدا پێشووتر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریداوە نابێت هیچ پۆستێک بە شێوەی وەکالەت بەڕێوەببرێت.

وتیشی، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە وەکو بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان کردووە.

باسی لەوەشکرد، بڕیارەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاریگەری لەسەر رێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی دەبێت، چونکە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە بەشێوەی یاسایی و لەسەر بنەمای گەندەڵی یان پێشێلکردنی رێنماییەکان نەبووە.

رۆژی ٩ی حوزەیران وەزارەتی پەروەدەی هەرێم لە فەرمانێکدا بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کارەکەی بەخشی و بەڕێوبەرێکی نوێی بەوەکالەت لە شوێنی دیاریکرد.

هـ.ع