سەردێڕ:

کێ دەبێتە فەرماندەى گشتى هێزەکانى ٧٠؟

فۆتۆ: 
2019-07-13

43558 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای کۆتایهاتنی ململانێکانی یەکێتی لەسەر پۆستە حکومییەکانی کابینەی نۆیەم، لەئێستادا ململانێکان ڕوویان لەناوخۆی ئەو حیزبە کردووە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی ئەو کەسانەی کە پۆستی حکومییان وەرگرتووە و پێشتر خاوەنی پۆستی حیزبی بوون.

بەپیێ زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی کە لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتییەوە دەستیکەوتووە، هەریەکە لە مەحمود سەنگاوی، حامید حاجی غالید، مستەفا چاوڕەش و ئاسۆ ئەڵمانی، لە ململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی، لە ئێستاشدا کاندیدبوونی هەریەکە لە مستەفا چاوڕەش و حامید حاجی غالید یەکلایی بووەتەوە، بەڵام بە فەرمی ڕانەگەیەندراون.

بەپێی زانیارییەکان چانسی حامیدی حاجی غالید زیاترە و مستەفا چاوڕەشیش کاندیدێکی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بڕیاریشە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی پۆستەکە یەکلایی بکرێتەوە.

ئەو کەسانەی خۆیان کاندیدکردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، پێشتر پۆستیان هەبووە لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا و کاندیدەکانیش دابەشبوون بەسەر باڵە جیاوازەکاندا.

بەشێک لە شارەزایانی سەربازیش باس لەوە دەکەن، هەر کەسێک وەک فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ دیاری بکرێت، دەسەڵاتێکی زۆری دەبێت و هەژموونیشی کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی باڵەکەی دەبێت، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش ژمارەی پێشمەرگەکانی هێزەکانی ٧٠ زیاترە لە ٤٥ هەزار پێشمەرگەن و بەرپرسی لیواکان و فەرماندە باڵاکانیش هەر لەلایەن یەکێتییەوە دیاریکراون.

جگە لە فەرماندەی هێزەکانی ٧٠، لە ئێستاشدا پۆستی لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بە بەتاڵی ماوەتەوە، کە ئەویش یەکێکە لە دەزگا سەرەکییەکانی حزبەکە و لەپرسەکانی هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرەدا کاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزی باڵە جیاوازەکان.