سەردێڕ:

ویکیلیکس: ئەگەر مەلا مستەفا چەکی دابنایە ڕژێم دانی بە حوکمی زاتیدا دەنا

فۆتۆ: 
2019-07-13

14662 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ گەرمبوونی شەڕی ڕژێمی بەعس و کورد، رژێم بریاریدا ستراتیجی چەک داماڵین لەگەڵ مەلا مستەفا و هیزەکەیدا پیادەبکات ئەویش لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە، لەبەرامبەریشدا رژێم ئامادەبوو دان بە حوکمی زاتیدا بنێت.

ئەمە پێشەکی یەکێک لەو زنجیرە بەڵگەنامەیەیە کە ماڵپەڕی ویکیلیکس بڵاویکردوونەتەوە سەبارەت بە مێژووی سەدەی ڕابردووی شۆڕشی کورد، بە ناونیشانی (ستراتیجی بەعس بەرامبەر بارزانی).

بەپێی بەڵگەنامەکە، له‌ ٢٥ نیسانی ١٩٧٤دا  سەدام حسێن کە جێگری سه‌رۆکی کۆماری عێراق ئەحمەد حەسەن بەکر و هەروەها جێگری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو، لەوتارێکیدا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراوانی به‌ره‌ی نیشتمانیی ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای ئۆتۆنۆمیی بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و لەم ڕۆژانەی داهاتوودا لەلایەن یاسادانەرەوە ڕادەگەیەندرێت و دەبێت مەلا مستەفا ئاڵای سپی بەرزبکاتەوە، پێش ئەوەی درەنگ بێت، جارێکی دیکەش گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیدا ناکەنەوە و گەمارۆ ئابورییەکانیشیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی بەردەوام دەبن.

ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆرش هەمان ڕۆژ بریاریدا، ماوەی لێبوردنی سەرباز و کارمەندە کوردەکانی کە چووبوونە پاڵ شۆڕشەکەی بارزانی، بۆ ٣٠ ڕۆژی دیکە درێژبکاتەوە و ڕێگەیان پێبدات بگەڕێنەوە ڕیزی شۆرش بەبێ ئەوەی سزابدرێن.

هەروەها حکومەتی ئەوکاتەی عێراق رایگەیاند، کە بڕێک پارە بۆ بونیادنانی بینای نوێنەرایەتی حکومەت و دروستکردنی بینای یاسادانان لە هەلێر دابیندەکەن، چالاکییەکانی پێنج وەزیرە کوردەکەی حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فراوان لە میدیاوە بڵاودەکەنەوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی حکومەت بەردەوام پلانی فشاری ئابوری هەبوو بۆسەر کورد، لەبەرامبەریشدا چاوەڕێدەکرێت دوای بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان، پارتی بچێتە ناو بەرەی نیشتیمانییەوە.

بەپێی زانیاریی و بەڵگەکانی بەڵگەنامەکە، حکومەتی عێراق پلانی هەبوو دوای هێمنکردنەوەی ئەو شەڕەی لە زاخۆ هەبوو، هێزی عێراق هێرشبکاتە سەر ئەو ناوچانەی کە چاوەڕێی ڕوبەڕوبوونەوەی توندیان لێدەکرا، بەتایبەت لە سێگۆشەی سلێمانی- خانه‌قین- که‌رکوک.

ساعدی کە باڵیۆزی جەزائیر بوو ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆماری عێراق، سیاسەتێکی توندتری لە سیاسەتی سەدام دژ بە کورد بەلاوە باشتر بوو، بە نمونەی ئەوەی سه‌دام حسێن دەیویست کۆتایی به‌گه‌مارۆی ئابوریی و فشاری سه‌ربازی بهێنێت، ئەویش ئەگەر بتوانێت کۆنترۆڵی سەربازیی بەدەستبهێنێت و ئەو بەڵینەی بە کوردی دابوو لە بارەی خۆشگوزەرانییەوە کاتی دەویست، تا ئەنجامەکەی ببینرێت.

هێرشی کورد بۆسەر دەزگا نەوتییەکانی کەرکوک و ڕوودانی تەقینەوە لە بەغدا، لەوانەبوو سەدام ناچاربکات پەنا بۆ چارەسەری سەربازیی ببات، ته‌نیا ڕوناکیش لەم دۆخە نالەبارەدا ئەوەبوو کە سەدام لە وتارەکەی ٢٥ی نیسانیدا ئەمریکای تۆمەتبار نەکردبوو بە یارمەتیدانی بارزانی.