سەردێڕ:

نوری مالکی دژایەتی خۆی بۆ بڕیاڕێکی عەبدولمەهدی ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2019-07-12

5203 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکەم کاردانەوەدا سەبارەت بە بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سوپای عێراق، نوری مالکی سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەتیکردەوە هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی سنورداربکرێت.

مالکی کە پێشتر سەرۆک وەزیران بووە، ڕەتیکردەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی تێکەڵبکرێت بە دامەزراوەی ئەمنی عێراق و ڕایگەیاندووە "لەگەڵ بیرۆکەی تێکەڵکردن یان تواندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نییە لەناو سوپا و پۆلیسی عێراقدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا پێویستیان بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە و ئەو هەنگاوەی عەبدولمەهدیشی بە "پڕمەترسیی سیاسی" ناوبردووە، کە مەرسومێکی دیوانی دەرکردووە سەبارەت بە سنوردارکردنی هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

سەرەتای ئەم مانگە "تەموز"، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مەرسومێکدا ڕایگەیاند "بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، پشتبەست بەو دەسەڵاتانەی پێمان دراوە بە گوێرەی دەستور، تێکەڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سوپا و سەیرکردنی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکان، کە هەمان مامەڵەی هێزە چەکدارەکانی لەگەڵدا دەکرێت".

لە بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدیدا هاتبوو "هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکو بەشێک لە سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەفەرمانی سەرۆک وەزیران و بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیان پێدەکرێت، هەروەها سەرۆکی دەستەی حەشدی کە سەرپەرشتی هەموو رێکخستنەکانی هێزەکە دەکات لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەستنیشاندەکرێت".

بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای ئەوە هات دووجار و لە دووکاتی جیاوازدا بە کاتیۆشا و گولـلە هاوەن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کەوتنەوەی گولـلە هاوەنێک لەناوچەی سەوزی بە غدا لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

دوای هێرشەکانیش پەنجەی تۆمەت بۆ چەند گروپێکی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی ئاراستە کرا، کە پێشتر دژایەتی خۆیان بۆ بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربڕی بوو.

لەدوای تەشەنەکردنی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران  و ئەمریکا، لە سەردانێکدا بۆ بەغدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری دابووە چەند لێپرسراوێکی باڵای عیراق، کە واشنتۆن بە توندی وەڵامی ئەو گروپە چەکدارانەی نزیک لە ئێران دەداتەوە، ئەگەر بێتوو حکومەتی عێراق نەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.

ع.م