سەردێڕ:

هەرێم.. دوای ٢٨ ساڵ لە حوکمڕانیی کوردیی چی گۆڕا؟

فۆتۆ: 
2019-07-12

2035 جار خوێندراوەتەوە

ئەزموونی ٢٨ ساڵی ڕابردووی هەرێم، زیاتر لە ئەزمونێکی حوکمی بنەماڵەیی دەچێت، تا لە ئەزمونێکی دیموکراسیی، تیایدا هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستیان بەسەر سەرجەم کایە گرنگەکەکانی هەرێمدا گرتووە، زۆربەی پۆستە هەستیارە حزبیی و حکومییەکانیانیش لەلایەن ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیەوە قۆرخکراون.

لەدواى کۆچى تاڵەبانى و وازهێنانى بارزانى لە پۆستەکەى، نەوەی دووەمی هەردوو بنەماڵە و بەشێک لە سیاسییەکانی  تری شاخ دەرکەوتوون و کۆى ناو کایەی سیاسیی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیان قۆرغکردووە.

لە دواى یەكەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لە چوارى حوزەیرانى ١٩٩٢ دا و پێکهێنانى  یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێم لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە، بارزانى و تاڵەبانى لەدەرەوەى حکومەت بڕیاربەدەستى گشتگیرى کۆى حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێم بوون.

لە پێش یەکگرتنەوەى هەردوو ئیدارەى هەولێر و سلێمانى لە حەوتى ئایارى ٢٠٠٦، پارتى و یەکێتى ڕێککەوتنى ستراتیژییان واژۆ کرد بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى هەولێر و بەغدا لەنێوان خۆیاندا، لە ٦ى نیسانی ٢٠٠٥، مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆمارى عێراق و لە ١٢ى حوزەیرانى هەمان ساڵیشدا، مەسعود بارزانى بوو بە سەرۆکى هەرێم.

پاش تەواوکردنى خولى سەرۆکایەتییەکەیان، تاڵەبانى و بارزانى ڕێککەوتنەکەیان درێژکردەوە و بارزانى بۆ ماوەى ١٣ ساڵ سەرۆکى هەرێم بوو و تاڵەبانییش حەوت ساڵ سەرۆک کۆمارى عێراق بوو.

دواى دابەشکردنى پۆست و داھاتەکانی هەرێم لەنێوان خۆیاندا، لە ساڵی ٢٠٠٩دا بۆ یەکەمجار بارزانى و تاڵەبانى قفڵی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کردەوە، لەو کاتەشدا ڕۆژانە حکومەتی هەرێم ١٠٠ هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد.

لە ئێستاشدا پاش تەواوبوونى حوکمى باوکەکان، کوڕەکان و نەوەى دووەم و سێیەمى بنەماڵەکان پۆستە گرنگ و هەستیارەکانى هەرێمى کوردستانیان گرتووەتەدەست.

بەشێک لە شارەزایانى سیستمى سیاسیی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پاش هاتنە سەر کورسی دەسەڵاتى نەوەى دووەمى هەردوو بنەماڵەى حکومڕان، کار بۆ گەورەکردن و هێنانەپێشەوەى نەوەى سێیەمیش دەکەن، بۆئەوەى ئەو پلان و زنجیرە مێژووییەى دایانڕشتووە بۆ حکومکردنى ئەم هەرێمە بەردەوامیی پێبدرێت.

لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە شارەزایان باس لەوە دەکەن، کە چوونە پێشەوەی نەوەی دووەمی بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ کارایی ئەو کەسانە لە بەڕێوەبردن و کاری حزبیاندا.