سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی جۆرە دەرزییەکی ساختەی مەترسیدار ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-07-12

15430 جار خوێندراوەتەوە

دەرزییەكی ساختەی هاوشێوەی ئەو ئاڤاستینەی كه‌ لە ساڵی ٢٠١٣ لە نەخۆشخانەیەكی حكومیی لە هەولێر لە ٣٠ نەخۆش دراو و چاویانی كوێر کرد، ئێستا لە به‌شێك له‌ دەرمانخانەكانی شاری هەولێردا دەفرۆشرێت.

دەرزییەكە ناوی ئایلیایە و به‌زمانی توركی زانیارییەکانی له‌سه‌ر نووسراوه‌، بۆ چارەسەری تۆڕی چاو بۆئەوانەی تەمەنیان زۆرە، یان تووشی شەكرە و جەڵتەی چاوبوون بەكاردێت، بەڵام ئێن ئاڕ تی زانیویه‌تی ئەوەی لە دەرمانخانەكانی هەولێر دەفرۆشرێت ستیكه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی له‌سه‌ر نییه و باركۆدی سەر پاكەتەكە و شووشه‌ی ده‌رزییه‌کەش‌ وەك یەكتر نین.

بەرپرسانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری ده‌رمانیش‌، ڕەتیدەکەنەوە ئاگاداری هێنانی ئەو دەرمانە بن و دەشڵێن، لە هەر شوێنێک ئەو دەرمانە بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگرن و خاوەنەکەی سزادەدەن.

ئێن ئاڕ تی په‌یوه‌ندیی به‌ به‌شێك له‌ پزیشكانی تۆڕی چاو و ده‌رمانخانه‌كان كرد، به‌ڵام به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدابكرێت، ئاماده‌نه‌بوون قسەبکەن، به‌ڵام به‌شێك له‌ پزیشكه‌كان وتیان، ئەو دەرمانە ساخته‌یه‌ كه‌ دەچێتە نێو چاوی نەخۆش، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کوێرکردنی نەخۆشەکە.

جه‌لال محه‌مه‌د  په‌رله‌مانتار له‌ لیژنه‌ی ته‌ندرووستی باسی لەوەکرد، ده‌یانە‌وێت له‌ڕێگای لیژنه‌یه‌كی گه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ ده‌رمانی ساخته ‌و قاچاغ بكات.

بەشێک لە دەرمانخانەکان باس لەوە دەکەن، کە نرخی دەرزییە ئۆڕجیناڵه‌كه‌‌ له‌ توركیا ٨٠٠ دۆلاره‌، بەڵام ساختەکەی لە هه‌ولێر به‌ ٢٥٠ دۆلاره.

كازم فاروق،  سه‌رۆكی فڕاكسۆنی نه‌وی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنە لە کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێم دەگرێت و دەڵێت، چۆن دەبێت بە قاچاغ دەرمان بێتە هەرێم و بەرپرسانی کۆنترۆڵی جۆریی ئاگادار نەبن؟.

به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی هەر دەرمانێك كە دەچێتە دەرمانخانەكان، دەبێت ستیكەری كواڵیتی كۆنترۆڵی لەسەر بێت، به‌ڵام لە هەندێک لە دەرمانخانەکاندا دەرمان دەفرۆشرێت بەبێ ئەوەی ئەو ستیکەرەی لەسەر بێت.

هـ.ع