سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری لەسەر دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-07-12

8999 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاری دوورخستنەوەی دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەکەی، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕانی قوڵترکردەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانیش بریارەکە بە سیاسی دەزانێت و دەڵێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیارەکەی دەرکراوە.

هاوکات دابان محەمەد ئەندانی فراکسیۆنی گۆران لە پەڕلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی وت، بڕیارەکە ڕاگیراوە و کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی، جەختی لەوەشکردەوە کە جێبەکردنی بڕیارەکە کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، لابردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادایە نەک جێگری سەرۆکی حکومەت، سێوە خدر کە لە پشکی گۆڕان ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە ئەوەشی ئاشکراکرد، بڕیاری لابردنی دڵشاد عومەر لەسەر ئەوەبووە کە نەیهێشتووە کەسێک ببێتە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەبەندیخان کە بۆ پۆستەکە شیاونەبووە.

سەمیر هەورامی بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی قوباد تاڵەبانی ڕەتیکردەوە پرسی لابردنی بەڕێوەبەری پەروەردە سیاسی بێت و باسی لەوەکرد کە چەند جارێک بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە کە کاری حزبی نەکات، ئەوەشی نەشاردەوە کە دانانی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان یەکێک بووە لە هۆکارەکانی لابردنی، سەمیر هەورامی دەشڵێت، بڕیارەکە بە واژۆی پشتیوان سادق دەرکراوە.

بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەر بەڕێوەبەرێکی قائیمقامێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتیی، سامانی گشتیی بەفیڕۆدا یان دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارهێنا، یاخود پرسێکی گەندەڵی لەسەر ساغبووەوە، لەسەر کارەکەی لادەبرێت.

ع.م