سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. سوپای ئەمریکا دەستیبەسەر هەشت تۆن کۆکایندا گرت

فۆتۆ: 
2019-07-12

12276 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی کەنار دەریای ئەمریکا تۆمارێکی ڤێدیۆییان بڵاوکردووەتە، کە تیایدا پرۆسەی دەستبەسەراگرتنی ژێردەریاییەکی بچووک نیشان دەدات، کە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری تێدا دەستبەسەردا گیراوە و بە هەشت تۆن مەزەندە کراوە.

هێزەکانی کەنار دەریای ئەمریکا دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە، ئەو ژێردەریاییە لە ئەمریکای باشورەوە هاتووە و بڕی هەشت تۆن مادەی هۆشبەری تێدا بووە، کە بەهاکەی بە ٢٣٢ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ستیڤن بریکی وتەبێژی هێزەکانی کەنار دەریای ئەمریکا بە کەناڵی "ئەی بی سی" هەواڵی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، فڕۆکەیەکی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا ئەو ژێردەریاییە بینیووە و دواتریش ئۆپراسیۆنێک بۆ دەستبەسەراگرتنی دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژێردەریاییەکە کە بۆ قاچاغبردنی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراوە، درێژییەکەی ٤٥ پێ دەبێت و بە خێرایی ١٥ کلیۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە دووری چەند کیلۆمەترێت لە سنوری ئیکوادۆر و کۆڵمبیاوە  ڕۆیشتووە.

دەربارەی ڕوداوەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریک لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ستایشی ئۆپراسیۆنەکە و هێزی کەنار دەریای ئەمریکا کردووە.

ڕێڕەوە دەریاییەکانی نێوان ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی ئەمریکای باشور، بوونەتە سەرچاوەی هاتنی دەیان تۆن مادەی هۆشبەر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەندێک جاریش لە کاتی ڕاوەدوونانی قاچاغچیانی مادە هۆشبەرەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئەو قاچاغچییانە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕوودەدات.

ع.م