سەردێڕ:

سوپای پاسداران هۆشداری دایە هەرێمی کوردستان

فۆتۆ: 
2019-07-12

48315 جار خوێندراوەتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە موشەک و تۆپی قورس بنکە و بارەگای ئەو گروپانەی بۆردومانکردووە، کە بە "تیرۆریستی" ناویبردوون، هاوکات هۆشداریشی داوەتە هەرێمی کوردستان لە داڵدەدانی ئەو گروپانە و بۆردومانکردنیان لە هەر شوێنێک بن.

سوپای پاسداران ئەمڕۆ هەینی (١٢ی تەموزی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە "بارەگای گروپە تیرۆریستییەکانمان بە موشەک و تۆپی قورس لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومانکردووە".

لەبەیاننامەکەدا سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی "زۆر" لە ئەندامانی ئەو گروپانە کوژراون.

هۆکار بۆردومانەکانیشی گێڕاتەوە بۆ کوژرانی ٣ ئەندامی سوپای پاسداران لە نزیک شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کورستان.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشەکاندا جگە لە بەکارهێنانی موشەک و تۆپی قورس، فڕۆکەی بیفڕۆکەوانیش بەکار هاتووە و پێشتریش لە ڕێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانەوە شوێنی بڵاوبوونەوەی ئەو گروپانە ئاشکرا کراوە.

دوای بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران چەند دیمەنێکی بۆردومانەکانی بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت چەند ناوچەیەک بە موشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان دەکرێت.

سوپای پاسداران داواشی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کردووە، دوورکەونەوە لە شوێنی گردبوونەوەی ئەو گروپە چەکدارانە و کاربکەن لەسەر دوورخستنەوە و دەرکردنیان.

هەر لە بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە "ئەو بۆردومانە چەند ناوچەیەکی ناو هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، کە دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هات، بەوەی پێویستە ڕێگری بکەن لە چالاکی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، کە ناوبەناو لە ناوچەی سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی سەربازیی ئەنجام دەدەن.

جەختیشیکردووەتەوە، ئاسایشی و ئارامی ئێران بە گشتی و دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان هێڵی سورە بۆ هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسداران، کە موجامەلەی هیچ کەسێک ناکات و "تیرۆیستان" لە هەموو شوێنێک دەکاتە ئامانج.

 لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە، هۆشدارییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن و ڕێگە نەدات خاکەکەی بکرێتە شوێنی مانەوە و ڕاهێنا و چەکدارکردنی ئەو گروپە چەکدارانە و ئەنجامدانی چالاکیی لە دژی وڵاتێکی هاوسێیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی نۆی ئەم مانگە ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، گروپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیانکردووەتە سەر چوار ئەندامی سوپای پاسداران لە شاری پیرانشار و سێ کەسیان کوژراون.

دەشڵێت، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی "حاسڵ ئەحمەدییە" و خەڵکی گوندی ئیلخانی سەربە پیرانشارە و پلەی ئەفسەری هەبووە لە سوپا و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بووە لە شاری پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێ.

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەبارەی حاسڵ ئەحمەدییەوە نوسیوویەتی، ناوبراو دەستی هەبووە لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆژی حەوتی ئەم مانگەش تۆپخانەکانی ئێران بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی باڵەکایەتیان لە سنوری چۆمان کرد.

ئەحمەد قادر قائیمقامی چۆمان  بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، ناوچە سنورییەکانی گوندی ئاڵانە وزیینوێ لەلایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە تۆپباران کراون.

وتبووشی، بۆردومانەکان  زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەشێک لە پاوانی هاوڵاتییانی سنورەکە سوتاوە.

هاوکات ڕۆژی شەشی مانگیش تۆپخانەکانی ئێران تۆپبارانی چەند گوندێکیان لە سنورى ناحیەى برادۆست کرد و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییەک شەهید بووە.

ع.م