سەردێڕ:

دوو مەڵبەندى یەکێتى هۆشداری دەدەنە سەرکردایەتی حزبەکەیان

بەهۆی بێبەشکردنیان لە پۆستە حکومییەکان
فۆتۆ: 
2019-07-12

16146 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو مەڵبەندى ١٢ی چەمچەماڵ و ١١ی گەرمیان بەهۆى بێبەشکردنیان لە پۆستەکانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم ناڕەزایەتى دەردەبڕن و هۆشداری دەدەنە سەرکردایەتی حزبەکەیان.

مەڵبەندى ١٢ى یەکێتى لە چەمچەماڵ لە یاداشتێکدا کە بۆ سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى حزبەکەی ناردووە، ڕایگەیاندووە "بەهۆى نەبوونى کادرى پلە باڵا لە حزب و حکومەتدا لە دانیشتوانى سنورى چەمچەماڵ تا بەدواداچوون بۆ کەمکوڕى سنوورەکەمان بکات کە ڕووبەڕووى چەندین کێشەى خزمەتگوزارى بووینەتەوە لە نمونەى پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە- چەمچەماڵ و ڕێگاوبانى سنورەکە، بۆیە ئێمە وەک ئەنجومەنى مەڵبەندەکەمان و فەرماندەى لیواکانى سنورەکە ناڕەزایەتى توندى خۆمان دەردەبڕین و داوا دەکەین ئەم پلە و پۆستانەمان بۆ دابین بکرێت کە چوار خاڵە و بەپێچەوانەوە هەڵوێستى توندمان دەبێت".

لە یاداشتەکەدا هاتووە پێویستە ئەم پۆستانەى خوارەوەیان بۆ دابینبکرێت :

-دانانى بریکارێکى وەزیرێک

-دوو بەڕێوەبەرى گشتى

دوو ڕاویژکار لە پەرلەمان و وەزارەتەکان

-دوو بەڕێوەبەرى گشتى لە بەڕێوەبەرایەتیەکانى سلێمانى.

لەلایەکیترەوە مەوڵبەندى یەکێتى لە گەرمیان بەهەمان شێوەى مەڵبەندى چەمچەماڵ، لە یاداشتێکیدا بۆ سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى حزبەکە داوایان کردووە ڕەچاوى مافەکانیان بکرێت لە پێکهاتەى حکومەتى عێڕاق و حکومەتى هەرێم.

داواشیانکردووە، مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى سەرپشک بکرێت لە دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرپەرشتیارى نوێى ئیدارەى گەرمیان.

لە نوسراوەکەى مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتیدا ڕۆژى یەکشەممە ١٤ى تەموزى ٢٠١٩ وەک دوا کات دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان و بەپێچەوانەوە هەڵوێستى دیکەیان دەبێت.