سەردێڕ:

پۆلیس: باندێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەى کوشتنیان لە هاوڵاتییەک کردووە

فۆتۆ: 
2019-07-12

7109 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانى ئاشکرایکرد، باندێکى چوار کەسییان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەى کوشتنیان لە هاوڵاتییەک کردووە لە بەرامبەر پێدانى بڕێک پارە.

لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی سلێمانى ئاماژەى بەوەکردووە، "پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌لایه‌ن هاوڵاتی‌ (ح، م، غ) له‌سه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌رێگه‌ی‌ مۆبایله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن‌ و ته‌قه‌لێكردنی‌ لێكردووه‌ له‌ماڵ‌ و دوكانه‌كه‌ی‌، ئه‌گه‌ر بڕی‌ ١٠هه‌زار دۆلاری‌ پێنه‌دا."

روونیشیکردووەتەوە، "پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى زانیاری‌ وردیان له‌سه‌ر تۆمه‌تبارەکە كۆكرده‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌ به‌هاوكاری‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی توانرا خاوه‌نی‌ مۆبایله‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تبارێكه‌ به‌ناوی‌ (س، ح، س) و له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركرا."

ئەوەشی ئاشکراکردووە، تۆمه‌تبارەکە له‌دانپێدانانه‌كانیدا رایگه‌یاندووه‌، كه‌ سێ كه‌سی‌ دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵدایه‌ و هاوكارییان كردووه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سكاڵاكار. دواتر سێ تۆمەتبارەکەى دیکەیان دەستگیرکردووە.

پۆلیسی سلێمانى راشیگەیاندووە، له‌ئێستادا هه‌ر چوار تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌بریاری‌ دادوه‌ر راگیراون ‌و له‌لایه‌ن به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنه‌وه‌ په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ کراوەتەوە و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.