سەردێڕ:

​سودان..هەوڵێکى کودەتا بەسەر ئەنجومەنى سەربازیدا پوچەڵکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-07-12

1595 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى سەربازی سودان ڕایگەیاند، هەوڵێکى کودەتایان پوچەڵکردووەتەوە کە ژمارەیەک ئەفسەری سەر بە سوپای وڵاتەکە ویستوویانە بیکەن.

جەمالەدین عومەر سەرۆکى لیژنەى  ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنى سەربازی سودان ڕایگەیاند، ١٢ ئەفسەری پلە بەرزی سوپا  کە حەوتیان لە خزمەتتدابوون و پێنجیان خانەنشین بوون  پلانی کودەتاکەیان داڕشتووە و توانراوە سەرجەمیان دەستگیربکرێن.

ئەوەشی ڕایگەیاندووە، جگە لەو ئەفسەرانە کۆمەڵێک خەڵکی تر هاوکارییان بوون و سەرجەمیان دەستگیرکراون و دەدرێن بە دادگا.

ڕاشیگەیاندووە، ئەنجامدەرانی هەوڵی کودەتاکە دژى ئەو ڕێککەوتنەبوون کە لە نێوان ئەنجومەنى سەربازی و نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆندا کراوە و ویستویانە حوکمی وڵات بە شێوەیەکى سەربازی بکەن.

ئەمەش لە دوای ئەوە هات لە ماوەى ڕابردوو لە دوای لەسەر کارلابردنی عومەر حەسەن بەشیر  و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان ئەنجومەنى سەربازی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێککەوتن بە نۆرە سەرکردایەتی وڵات بکەن تا ئەو کاتەی حکومەتێکی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێت.