سەردێڕ:

فشارەکان بۆ ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا بەردەوامن

فۆتۆ: 
2019-07-11

2502 جار خوێندراوەتەوە

پرسی نەوتی ھەرێم و موچەی فەرمانبەرانی کوردستان تا دێت لە پەرلەمانی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت.

هەرچەندە بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا فوئاد حسێن وەزیری دارایی و سامر غەزبان وەزیری نەوت و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری حکومەتی عێراق ئامادەبن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بودجە و پشکی هەرێم و ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بە عێراق، بەڵام ئەو بڕگەیەی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لایەنە عێراقییەکان و بە تایبەتیش شیعەکان، سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت ئەم پرسە چارەسەربکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش فشارەکانیان بو سەر عادل عەبدولمەھدی چڕترکردووەتەوە.

ئەگەرچی لە یاسای بودجەدا، بابەتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەگەڵ پرسی نەوت جیاکراوەتەوە، چەند جارێکیش بەرپرسانی کورد لە بەغدا و ھەرێم دڵنیاییانداوە لەوەی کە ئەمساڵ موچەی فەرمانبەران نابڕدرێت، بەڵام ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر ناچاربن یاساکە ھەموار دەکەنەوە.

لە سەرەتای پێکھێنانی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی و دوای چوار ساڵ بەستەڵەکی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو توانەوەدەچوو، بەڵام جارێکی دیکە فشارەکانی بەغدا دەستیپێکردووەتەوە، بۆئەوەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا، نەوت ڕادەستی حکومەتی عێراق بکاتەوە.