سەردێڕ:

هاتوچۆى سلێمانى داواى لابردنى تابلۆى بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکان دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-11

1958 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆى سلێمانى ئاگاداری ئەو میوانخانە و چێشتخانە و مارکێت و پێشەنگایانەی کردەوە کە تابلۆ و ستوونیان لە شەقامەکانى بەردەم خۆیان داناوە، لە ماوەى یەک هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆ و ستوونانە لاببەن.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى سلێمانیدا هاتووە، "ژمارەیەک لە میوانخانە و چێشتخانە و مارکێت و پێشەنگاکان بەشێکى شەقامەکانى بەردەم خۆیان قۆرخکردووە بۆ خۆیان و، ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە سەردانى ئەو شوێنانە دەکەن."

هاوکات داواشی لێ کردوون، "سەرجەم ئەو شوێنانەى تابلۆ و ستوونى تایبەت بە خۆیان داناوە بە مەبەستى قۆرخکردنى ئەو شەقامە بۆ راگرتنى ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خۆیان، لە ماوەى یەک هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆ و ستوونانە لاببەن، بە پێچەوانەوە بەڕێوەبەرایەتیمان هەموو ئەوانە لادەبات لەسەر شەقامەکان دانراون، ئەویش لەبەر بەرژەوەندیى گشتى و نەهێشتنى لۆد و قەرەباڵغى لەو شوێنانەدا."

باسی لەوەش کردووە، شەقامەکان موڵکى گشتین و تایبەت نین بە هیچ کەس و شوێنێکەوە، هەر شەقامێک راگرتنى ئۆتۆمبێل تیایدا قەدەغەبێت، بۆ ئۆتۆمبێلى ئەو شوێنانەش قەدەغەیە و هەر شەقامێک راگرتنى ئۆتۆمبێل تیایدا ئازادبێت ئەوا بۆ هەمووان ئازادە.