سەردێڕ:

زۆر خواردنەوەى ئاو میوەکان دەبێتە هۆى توشبوون بە نەخۆشییەک

فۆتۆ: 
2019-07-11

8208 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى توێژینەوەیەک خواردنەوەى ڕێژەیەکى زۆر لە ئاوى میوەکان ئەگەرى هەیە ببێتە هۆى توشبوون بە جۆرە نەخۆشییەک.

بەپێى توێژینەوەكە کە ژمارەیەک لە توێژەرانى فەڕەنسا لە زانکۆى سۆربوون ئامادەیانکردووە و ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندى لە نێوان بەکارهێنانى زۆرى خواردنەوەى ئاوى میوەکان و ئەگەرى توشبوون بە نەخۆشییەک هەیە.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، مەبەستیان ئەو خواردنەوانەیە کە رێژەى شەکریان تیدایە وەک ئاوى میوەکان و خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوەى وزەبەخشەکان.

توێژینەوەکە کە لەسەر گۆڤارێکى پزیشکیى بەرتانی بڵاوکراوەتەوە لەسەر ١٠٠ هەزار حاڵەت کراوە لە ماوەى ٥ ساڵدا، لەپێناو گەیشتن بەو ئەنجامە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوە یەکەم توێژینەوەیە کە بوونى پەیوەندی لە نێوان خواردنى شەکر و توشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە ئاشکرادەکات.

لە توێژینەوەکەدا کە لە ڕیگاى ڕاپرسییەکەوە لەسەر خواردنەوەى تەندروستى هەزاران کەسى فەڕەنسى کە لە تەمەنێکى پێگەیشتوودان کۆکراوەتەوە و، لە سەدا ٧٩یان ئافرەتن.

ئەوەى لەسەر بەشداربووانى ڕاپرسیەکە بووە ئەوەبووە، کە دەبێت ڕۆژانە دوو جار بینوسن لەسەر تەندروستیى خۆراکییان بۆ زانینى ڕێژەى زیادەڕەویکردن لە خواردن و خواردنەوە و جۆرێتییان و کاریگەرییەکانى لەسەر تەندروستییان.

لە توێژینەوەکەدا ٢٢٠٠ توشبووى شێرپەنجەیان دیاریکرد کە لەنێویاندا ٦٩٣ کەسیان تووشى شێرپەنجەى مەمک بوون.

هەرچەند بەپێى توێژینەوەکانى ڕابردوو بوونى پەیوەندیى نێوان خواردنەوەکان کە ڕێژەى شەکریان تێدایە لەگەڵ قەڵەوى هەبووە، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆى شێڕپەنجە، بەڵام توێژەرە فەڕەنسییەکان دەڵێن شەکر بۆ خۆى دەبێتە هۆى شێرپەنجە.

لەبارەى قەدەغەکردنى ئەو خواردنەوانە، ماتێلا توفیر پزیشکى سەرپەرشتیارى توێژینەوەکە دەڵێت، بیرۆکەى ئەو بابەتە بۆ ئەوە نییە کە لەو جۆرە خواردنەوانە دووربکەویتەوە، بەڵکو بۆ هاوسەنگى دروستکردنە لە چۆنێتیى بەکارهێنانى.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو ئامۆژگارییانەى کە لایەنى تەندروستى لەسەر ئەو بابەتانە بڵاویدەکاتەوە، بۆ ئەوەیە کەمترین ڕێژە بەکاربهێنرێت لە ڕۆژێکدا، کە کەمتر بێت لە خواردنەوەى کوپێک و ئەگەر بەو شێوەیە کەم بخورێتەوە ئەوا بە هیچ شێوەیەک دەرئەنجامى ئەو نەخۆشییانەى نابێت کە باسکراوە.

بەڵام بەپێى توێژەرە فەڕەنسییەکان، خواردنەوەى کوپێک لەو خواردنەوانە کە شەکریان تێدایە، ئەگەرى توشبوون بە نەخۆشیى شێرپەنجە بەرزدەکاتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، خواردنەوەى ئاوى میوەکان کەمێک باشترە لە خواردنەوە گازییەکان، ئەوەش لەبەرئەوەى بەشێک لە ڤیتامینەکان لە پێکهاتەکانیدا هەیە.

ب.ب