سەردێڕ:

چیرۆکى ئەو کەلـلەسەرەی کە هەرایەکی گەورەی لە کەنەدا ناوەتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-11

61711 جار خوێندراوەتەوە

بە خەڵاتکردنی کەلـلەسەرێک لەلایەن پاڵێوراوێکی هەڵبژاردنەکانەوە بە کەسێک هەرایەکی گەورەی لە کەنەدا ناوەتەوە  و بووەتە جێگەى ڕەخنەى هاوڵاتیان.

ماڵپەڕی بی بى سى لە هەوڵێکیدا باسى لە کلێر راتى پاڵێوراوى پارتى پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووى کەنەدا کردووە کە ڕوبەڕوى ڕەخنەیەکى زۆر بووەتەوە و کاردانەوەى سیاسى لێکەوتوەتەوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەى بەوەکردووە، هۆکارى ئەو کاردانەوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتێک کلێر ئێسکى کەلەسەرى مرۆڤێکى بە دیارى و خەڵات پێشکەشى هاوڕێیەکى خۆى بەناوى ئۆلیڤەر جێمس کردووە کە پێى وایە خەڵاتێکى جوانى پێشکەشکردووە و لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکیش دەستخۆشى لێکردووە.

ئێستا دەبێت بزانین چیرۆکى ئەو ئێسکى کەلەسەرى مرۆڤە دەبێت چى بێت کە ئەو هەرایەى ناوەتەوە رەخنەیەکى زۆریشى ڕوبەڕوى پارتى پارێزگاران کردووە؟

پارتە سیاسیەکانى کەنەدا دەستیان کردووە بە هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى وڵاتەکە کە بڕیارە لە ٢١ى ئۆکتۆبەرى داهاتوو بکرێت، لە دۆخێکدا کە کێبڕکێى توند لە نێوان هەردوو پارتى سەرەکى کەنەدا (پارێزگاران و لیبراڵیەکان) هەیە، هەروەها هۆشدارییش دراوە لە دەستوەردانى دەرەکى بەتایبەت ڕوسیا.

ئاماژە بەوەکراوە، لەو دۆخەى ئێستاى پێش هەڵبژاردنەکانى کەنەدا، ئەوەى هەرایى ناوەتەوە لە ناوەندەکانى ئەو وڵاتە، لێهاتویى یان بەرنامەى سیاسى پاڵێوراوەکان نیە کە بانگەشەى بۆ دەکەن، بەڵکو ئەوەى بووەتە باسى ناوەندە سیاسیەکانى ئەو وڵاتە، چیرۆکى کلێرە کە ئێسکى کەلەسەرى مرۆڤێکى بە دیارى و خەڵات پێشکەشى هاوڕێیەکى خۆى بەناوى ئۆلیڤەر جێمس کردووە.

بڵاوکردنەوەى وێنەى کەلەسەرى مرۆڤێک لە سەر هەژمارى تایبەتى کلێر لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بوەتە هۆى ناشرینکردنى پێگەى پارتى پارێزگاران و ڕوبەڕوى ڕەخنەى زۆرى کردوەتەوە.

باسى ئەوەشکراوە کە کلێر یەکێکە لەو پاڵێوراوانەى کە زۆرترین تێکەڵى لەگەڵ خەڵکدا هەیە و چانسى بردنەوەى لە ناوچەى (وادى سکینا بلکلى) لە شارى ڤانکۆڤەر لەسەر پارتى پارێزگاران هەیە.

بەپێى سەرچاوەکانى ئەو وڵاتە مێژووى ئەو کەلەسەرەى مرۆڤە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى ١٧ى زایینى.

کلێر دەڵێت، بەپێى ڕێکارە یاساییەکانى کڕین و فرۆشتن پێدەچێت ئەو کەلەسەرى مرۆڤە ئەوروپى بێت و دواى شەش مانگ لێکۆڵینەوە پاشان لە کەسێکى کڕیوە.

ڕونیشیکردوەتەوە، کەلەسەرەکە هى دانیشتوانى ڕەسەنى کەنەدا نیە و لە بازرگانێکى تایبەت لە تۆرینۆ کڕیویەتى.

کلێر کە دوکانێکى بچوکى هەیە بۆ تاتۆ دروستکردن لەگەڵ هاوڕێکەى دەشڵێت، ئەو کەلەسەرە بۆ کارى هونەرى وەک سەرچاوەى کارە وهونەرییەکانى تاتۆ بەکارى دێنێت.

هاوکات بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمەڵەى (ئەمیر روبرت) بۆ خزمەتگوزارى دانیشتوانى ڕەسەنى وڵاتەکە ڕایگەیاند، پێویستە ئەو کەلەسەرە بگەڕێنرێتەوە بۆ کەسێکى نزیک لە خانەوادەى کەلەسەرەکە ئەگەر لە دانیشتوانى ڕەسەنى وڵاتەکەش نەبن و و " پێم وایە ئەوە بابەتێکى ترسناکە".

لەبەرانبەردا بەڕێوەبەرى پەیوەندیەکانى پارتى پارێزگاران بەتوندى بەرگرى لە کلێر کرد و ڕایگەیاند،" سەد لەسەد پشتگیرى لە کلێر دەکەین و رێکارى پێویستى گرتوەتەبەر بۆ کڕینى کەلەسەرەکە و هیچ کێشەیەکى نیە.

لە بەشێکى ترى ئەو چیرۆکەدا هاتووە کە ئەو پرسە زۆر هەستیارە لەلای دانیشتوانى ڕەسەنى ئەو وڵاتەوە، بەوەى ڕێز لە روفات و ئێسکوپروسکى مردووەکان نەگرتووە، کە تائێستاش چەندان ئێسک و پروسکى مردوەکانیان لەلایەن کۆمەڵەى تایبەتەوە لە شوێنەوارەکان نمایشدەکرێن.

هاوکات شۆن گراهام زاناى شوێنەوار و مامۆستاى مێژوو لە زانکۆى کارلتۆن دەڵێت، " کڕین و فرۆشتنى ئیسکوپروسکى مرۆڤەکان بەشێوەیەکى زۆر لە ڕێگەى ئەنتەرنێتەوە دەکرێت و نابێت وەک کاڵایەکى لێبکرێت، و لە نەبوونى یاساشدا نابێت شوێنکەوتووانى ئەو بابەتە خووڕەوەشتى نەشیاو بەکاربێنن.

ئەوە لەکاتێکدایە بەشێکى زۆرى دانیشتوانى ناوچەى (کۆڵۆمبیای بەریتانی) لە کەنەدا لە بنەڕەتدا خەڵکى ئینگلتەرا و سکۆتلەندا و ئێرلەندان و زمانى فەرمیشیان ئینگلیزییە.

ژمارەى دانیشتوانى کۆلۆمبیاى بەریتانی نزیکەى چوار ملیۆن ٦٠٠ هەزار کەس دەبێت لەکاتێکدا لە ساڵى ١٨٨٦ دوو هەزار کەسى تیپەڕ نەکردووە و هۆکارى زۆربوونى ژمارەى دانیشتوانى ئەو ناوچەیەش بۆ زۆرى ڕێژەى وەرگرتنى کۆچبەرەوە یە لەو ناوچەیەدا کە دەستى کار تێیدا کەمە.

ب.ب