سەردێڕ:

پارتی و یه‌كێتی لەسەر پارێزگاری كه‌ركوك رێککەوتن

فۆتۆ: 
2019-07-11

11190 جار خوێندراوەتەوە

پارتی و یەکێتی لەسەر دانانی ته‌یب جه‌بار بۆ پارێزگاری كه‌ركوك رێککەوتن.

دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەكیتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی  رایگەیاند، لیستی برایەتی تەیب جەبار وەکو کاندیدی پارێزگاری کەرکوک پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات.

باسی لەوەشکرد، هیوادارن پارێزگاری کەرکوک خزمەتی خەڵکی شارەکە بکات و ببێتە جێگای رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانیش.

وتیشی، "ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک و دانانى پارێزگار هاوتەریب بەڕێوەدەچن".

لەلایەکی ترەوە قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد، " پێویستە پارتى و یەکێتى و گۆڕان کۆبوونەوەى سێ قۆڵى بکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە دوای زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێم و رەتکردنەوەی چەندین کاندیدی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە، دواجار پارتی و یەكیتی لەسەر دانانی تەیب جەبار وەکو کاندیدی هاوبەشیان بۆ پارێزگاری کەرکوک و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم رێکەوتن.

 بایۆگرافی کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک:

ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین

ساڵی ١٩٥٤ لە کەرکوک لە دایک بووە

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە کەرکوک تەواوکردووە

١٩٧٦ کۆلیژی ئەندازیاری بەشی بیناسازی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە

ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٩٢ فەرمانبەر بووە وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی

لە ١/٨/١٩٩٢ تا ١/٨/١٩٩٧ بریکاری وەزارەتی ئەشغال و نیشتەجێکردن بووە لە کابینەی یەکەم و دووھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

کۆتای ساڵی ١٩٩٧ خۆی خانەنشین کردووە

لە ساڵی ١٩٩٨ لە کەرتی تایبەت کاریکردووە لەبواری ئەندازیاری

لە ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە نووسین کردووە

خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و کتێبی رەخنەییە

چەندین نوسین و کتێبی ھەیە لە بواری ئەندازەی شارو شوێن و ئاوەدانی

یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢

لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٠١ جێگری سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بووە

ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بووە

ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کوردە

ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی عێراقە

ئەندامی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوکە

هـ.ع