سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: کاری لەپێشینەم باشکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا نەک سەربەخۆیی

فۆتۆ: 
2019-07-11

9548 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، کارى لەپێشینەیان باشکردنى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا دەبێت نەک سەربەخۆیى هەرێم.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، کارى سەرەکى کابینەکەى بنیادنانى پەیوەندى بەهێز و دروستکەرە لەگەڵ بەغدا وپێویستیشە خەونى سەربەخۆى بەلاوە بنرێت.

ڕاشیگەیاند، ڕاپرسى بۆ سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان کە لە ڕابردوودا کرا کاردانەوەى ڕووداوەکانى ناوچەکە بوو.

سەبارەت بە پرسى نەوتى هەرێمیش مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى تایبەت بە پرسى نەوت و غاز  بەردەوامە و پێی وایە هەلێک لەبەردەمیاندایە بۆ ئەوەى پێشکەوتنى خێرا لەو بوارەدا بێتە دى.

وتیشى، هەلى گەورە لەبەردەمیاندایە بۆ ئەوەى لەگەڵ بەغدا بگەنە دۆخێک کە سودى بۆ هەردوولا هەبێت و بە کارى هاوبەش و هاریکارى یەکتر دەتوانن بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەن.

لەسەر پێشنیازی مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى لە ئەیلولی ٢٠١٧ ریفراندۆم لە هەرێمى کوردستان کرا، کە دواتر کاردانەوەى ناوخۆیى و دەرەکى بەدواى خۆیدا هێناو حکومەتى عێراق و وڵاتانى دراوسێ کۆمەڵێک سزایان بەسەر هەرێمى کوردستاندا سەپاند و بۆ ماوەیەک دەروازەکانیان داخست و فڕۆکەخانەکانى هەرێمیش بەڕووى گەشتى نێودەوڵەتى ڕاگیران.

ب.ب