سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

ئاڵوگۆڕى لە پۆستەکان دەکرێت
فۆتۆ: 
2019-07-11

1200 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێك دەكات.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراو‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، كارنامه‌ی دانیشتنی ئەمڕۆ پێنچشەممە ١١ى تەموزى ٢٠١٩ بەسەرۆکایەتى هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان كۆدەبێتەوە و له‌ سێ بڕگەش‌ پێكهاتووه‌.

بەپێى کارنامەکە یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ سوێندخواردنی یاسایی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نوێیانه‌ی كه‌ شوێنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌گرنه‌وه‌، كه‌ پۆستی حكوومییان له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت وه‌رگرتووه.

ئه‌و چوار په‌رله‌مانتارەش پێكهاتوون لە:

-له‌نجه‌ ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان له‌ شوێنی ڤاڵا فه‌رید ئیبراهیم.

- شیرین یونس عه‌بدوڵڵا عه‌زیز له‌ شوێنی بێگه‌رد تاڵه‌بانی.

-هیمداد سه‌باح بیلال له‌ شوێنی ئایدن مه‌عروف سه‌لیم.

- باپیر كامه‌لا سه‌لمان له‌ شوێنی عه‌بدوڵڵا مه‌حمود محه‌مه‌د.

بڕگه‌ی دووه‌می كارنامه‌ی دانیشتنەکە تایبه‌ته‌ به‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان کە یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رێواز فایه‌ق-ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كردووه‌.

بڕگەی سێیەمیش بریتییه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازی بڕیاری دیاریكردنی رۆژی ٣ى ئابى ٢٠١٤ وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان.

ئەوە لە کاتێکدایە له‌ ده‌ستپێكی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ڤاڵا فه‌رید، وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو، به‌ڵام به‌پێى رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ كه‌ پشكی یه‌كێتى بووە و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ڤاڵا فه‌رید وه‌ك وه‌زیری هه‌رێم له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم سوێندی یاسایی خوارد، بڕیاره‌ ئەمڕۆ سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێت.

دوێنێ چوارشەممە لە دانیشتنى پەرلەمانى کوردستاندا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم زۆرترین دەنگى پێدرا کە ٨٨ دەنگ و خالید شوانى وەزیرى هەرێم لەسەر پشکى یەکێتى کەمترین دەنگى پێدرا کە ٦٨ دەنگى پەرلەمانتاران بوو.
هەریەکە لە قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت و شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە لەسەر پشکى یەکێتى بە ٧٣ دەنگ دووەم کەمترین دەنگیان بەدەستهێنا.

ب.ب