سەردێڕ:

ئایا نانی بەیانی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کێشی لەش؟

فۆتۆ: 
2019-07-11

5300 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئوستڕاڵیا لە نوێترین لێکۆڵینەوەیاندا باس لەوەدەکەن، ئەگەرچی خواردنی ژەمی بەیانی یەکێکە لە ژەمە سەرەکییەکان و یارمەتیدەرە لە پێدانی وزە بە لەش، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی نییە لە کەمکردنەوەی کێشی لەشدا.

ماڵپەڕی بی بی سی ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، ئەوانەی نانی بەیانی دەخۆن ڕۆژانە ٢٦٠ کالۆری زیاتر بەدەستدەهێنن بەراورد بەوانەی کە نایخۆن.

هاوکات زانایان باس لەوە دەکەن کە خواردنی نانی بەیانی سەرچاوەیەکی باشە بۆ دەستکەوتنی ڕێژەیەکی باش لە کالسیۆم و خۆراکە ڕیشاڵییەکان و سەرچاوەی وزەیە.

خواردنی ژەمی بەیانی هۆکارە بۆئەوەی لە ژەمەکانی تردا بە بڕێکی کەمتر نان بخۆیت، زۆربەی توێژینەوەکانی پێشتر ئاماژەیان بە گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان کردووە، زانایانی زانکۆی موناش لە ئوستڕاڵیا بە پشت بەستن بەو توێژینەوانەوە و پەیوەندی بە دابەزاندنی کێشی لەشەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە.

کیڤن والین پزیشکی شارەزا لە سیستمی خۆراکیدا و بەڕێوەبەری بەشی خۆراک لە زانکۆی کینگز کۆڵیدچ لە لەندەن ئاشکرایکردووە، پێویستە خەڵکی لە ژەمی بەیانیان ئاگاداربێت بەتایبەت ئەگەر بۆ مەبەستی زیاتر بەدەستهاتنی کالۆری جەستە گرنگی بەو ژەمە بدەن.

ڕونیشکردەوە، ژەمی بەیانیان گرنگە و سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی وزە و کالسیۆم و ماددەی ڕیشاڵییە بۆ لەش، لە ژەمی بەیانیاندا گرنگی بەخواردنە دانەوێڵەییەکان و شیر و ماست بدرێت، جگەلەوەش ژەمی بەیانیان نابێتەهۆی زیادبوونی کێشی لەش.

هـ.ع