سەردێڕ:

بەرپرسێکی ئەمریکا: ئێران هەوڵیداوە دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتی بەریتانیادا بگرێت

فۆتۆ: 
2019-07-11

5492 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایانگەیاند، رۆژی چوارشەممە هێزە ئاوییەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداودا لە  کەشتییەکی نەوت هەڵگری بەریتانی نزیکبوونەتەوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن یەکەی چاودێری بەریتانیاوە لە کەشتیەکە کشاونەتەوە.

بەرپرسێکی پنتاگۆن کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردوە بە میدیاکانی راگەیاندووە، رووداوەکە دوێنێ بەسەر کەشتی (بریتش هێریتدج) لە باکوری گەرووی هورمزدا هاتووە و یەکەی چاودێری هێزی دەریایی بەریتانیا ئاگاداری هێزەکەی ئێرانی کردووەتەوە کە لە پێنج بەلەم پێکهاتبوون لە شوێنەکە دووربکەونەوە، دوای ئاگادارکردنەوەشیان هێزە دەریاییەکەی ئێران کشاوەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکییەکە، ئەو هەڵسوکەوتەی ئێران "دەستدرێژیکردنە بۆ سەر رێرەوەکانی گواستنەوەی نەوت".

لەسەر ئەو بابەتە تا ئێستا وەزارەتی بەرگری بەریتانیا هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.

ئەو پێشهاتە نوێیانەش لە کاتێکدایە، ڕۆژانە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە پەرەسەندندایە، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەمریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سزاکانی لەسەر ئێران زیاتر و فراوانتر دەکات و بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات.

پێشتریش کاتێک سوپای ئەمریکا چەند کەشتییەکی جەنگی و کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری بی ٥٢ و موشەکی پاتیرۆتی رەوانەی ناوچەکە کرد، لێپرسراوانی سەربازیی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر سوپای ئەمریکا هەر سەرکێشییەک بکات و هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا سەرجەم کەشتی و هێزەکانی لە کەنداو نقوم دەکرێت و بە چەکێکی نهێنی هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندیی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هـ.ع