سەردێڕ:

هاتوچۆى سلێمانى: لە یەک مانگدا ٤٥٠ ماتۆڕسکیل دەستیبەسەردا گیراوە

فۆتۆ: 
2019-07-11

1600 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى هاتوچۆى سلێمانى لە هەڵمەتێکیاندا لە ماوەى یەک مانگدا دەستیان بەسەر ٤٥٠ ماتۆڕسکیلدا گرتووە، کە بێسەرەتان و بە شێوەیەکى ناسروشتى دەنگیان بەرزکراوەتەوە.

هەڵمەتەکە لە ماوەى یەک مانگدا بووە و لاى بەشێک لە هاوڵاتییانیش پێشوازیى لێ دەکرێت و پێیانوایە ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە هەراسانکەرن.

یەکێک لەو هاوڵاتییانەى کە ماڵی لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانییە، و باس لە دەنگى بەرز و بێزارکەری ماتۆرسکیلەکان دەکات، دەڵێت، دەنگەکان بە شێوەیەکن خەوی لە چاوى خۆى و منداڵەکانى زڕاندووە.

بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەى ساڵ و نیوێکدا هەزار و ٩٠٠ ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیراوە و ٩٠٠یان تێکشکێنراون و بە زیادکردنى ئاشکرا بە نرخى پارچە ئاسن فرۆشراون.

ئاماژەى بەوەش کردووە، تەنیا نزیکەی ٣ هەزار ماتۆڕسکیل لاى هاتوچۆى سلێمانى تۆمارکراون و ١١ هەزار کەسیش مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسکیلیان وەرگرتووە.

بەپێى ئامارەکانى پۆلیسى هاتوچۆ، ماتۆڕسکیل سەرچاوەى بەشێک لە ڕووداوەکانى هاتوچۆیە و ساڵی رابردووش لە هەزار و ١١ رووداوی هاتوچۆ ١١٢یان بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە بووە.

ب.ب