سەردێڕ:

پۆلیسى عێراق زانیاریى نوێی لەسەر تەقینەوەکەى کەرکوک بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-07-11

3119 جار خوێندراوەتەوە

شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنیى عێراق زانیاریى نوێى لەسەر تەقینەوەکەى کەرکوک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون لەکاتى گواستنەوەى بۆمبێک بە خۆیاندا تەقیوەتەوە و کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دوو کەسە ویستوویانە بۆمبەکە بگوازنەوە لە گەڕەکى یەکى ئازار لە نزیک پردى کۆبان بەخۆیاندا تەقیوەتەوە و هەردووکیان کوژراون.

پێشتر پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لە سەرچاوەیەکى پۆلیسەوە ڕایگەیاندبوو، بەهۆى تەقینەوەی بۆمبێکەوە بە ماتۆڕسکیلێکدا لەسەر ڕێگاى بازنەیى کەرکوک لە گەڕەکى یەکى ئازار، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسى دیکەش برینداربوون.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێکی تر تەقینەوەی بۆمب و هێرشی چەکداری لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری ڕوویداوە و هێزە ئەمنییەکان هۆکارەکەیان خستووە پاڵ شانە نوستووەکانی داعش، کە هەندێک جار ئۆپراسیۆنی ئەمنییان لە دژ ئەنجامدەدەن.

ب.ب