سەردێڕ:

عێراق ٥٠ ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ تەرخانکرد

فۆتۆ: 
2019-07-10

3174 جار خوێندراوەتەوە

دوای پێنج ساڵ لە وەستانی کارەکانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، بەڵام لە چوارچێوەی بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا جارێکی تر دەستدەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی مادەکە، لە قۆناغی یەکەمیشدا بڕی ٥٠ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی مادەکە لە سەرانسەری عێراق.

لە کەرکوک لە کۆی ٥٠٠ ناو تەنها ٢٢٧ ناو هاتووەتەوە بۆئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، ئەم هاوڵاتییانەش بەدوای ناوەکانیاندا دەگەڕێن و گلەیی ئەوەیان هەیە کە ئەو ئاوارانەی ناویان هاتووەتەوە بۆ وەرگرتنی چەکی قەرەبووکردنەوە، هەڵبژێردراون و ئەوانی دیکەش پشتگوێخراون.

لە کۆی ئەو ٥٠ ملیار دینارەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە لە عێراق دابینکراوە، بڕی ١٥ ملیار دیناری بۆ خێزانە ئاوارەکانی کەرکوکە و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەردەگرێت و ڕۆژانەش مامەڵەی ٨٠ خێزان بۆ وەرگرتنی چەکی قەرەبوو ڕایی دەکرێت.

بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠ دەڵێت، فشار دروستدەکەن تا بتوانن حکومەتی عێراق پارەی زیاتر بۆ قەرەبووی ئاوارەکان تەرخانبکات و ئیتر چاوەڕوانی قەرەبووکردنەوەکانیان نەکەن.

بەپێی ئاماری ئۆفیسێکی کەرکوکی مادەی ١٤٠ لە کەرکوک، زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی ئاوارە تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، جگە لەوەش زیاتر لە ١١ هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە ماون کە قەرەبوو بکرێنەوە.

ع.م