سەردێڕ:

​شاندێکى ئەمنیى عێراق و تورکیا بۆ بنەبڕکردنى تیرۆر کۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2019-07-10

1447 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، شاندى ئەمنیى عێراق و تورکیا بۆ تاوتوێکردنى ئاسایش و بنەبڕکردنى تیرۆر لە تورکیا کۆبوونەتەوە.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠ى تەموز بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەى بەوە کردووە، محەمەد عەلى وەزیرى دەرەوەى عێراق سەرۆکایەتیى شاندى ئەمنى و سەربازیى وڵاتەکەى کردووە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى تورکیا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە گرنگیى گەورەى هەیە بۆ هەردوو وڵات و تێیدا چەندین پرس تاوتوێ کراوە، لەوانەش هاریکاریى ئەمنى و بنەبڕکردنى تیرۆر و هەردوولاش لەگەڵ ئەوەبوون بەردەوامى بدەن بە کارى هاوبەش، کە هەماهەنگبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى گەلانى هەردوو وڵات.

باسى ئەوەش کراوە، هەردوولا داوایانکردووە هاریکاریى ئەمنى و سەربازیى زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت کە "زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئاسایشى ناوچەکە بە گشتى" و ئەوەش هۆکارى دروستبوونى بناغەى سەرەکییە بۆ بەرجەستەکردنى گەشەکردن.

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا دووپاتیانکردووەتەوە کە بەردەوامى بدەن بە کۆبوونەوەکانیان و ڕێککەوتوون کە کۆبوونەوەى داهاتوویان لە شارى بەغدا بێت.

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بەردەوام خاکى هەرێمى کوردستانیان بەزاندووە و بۆردومانى گوندەکانى ناوچە سنورییەکانیان کردووە و زیانى گیانى و مادى لێکەوتووەتەوە.

ب.ب