سەردێڕ:

هاوڵاتییەکی عێراقی لە ئەڵمانیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا

عەلی بەشار هاوڵاتی عێراقی لە ئەڵمانیا سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی درا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-07-10

13447 جار خوێندراوەتەوە

دادگایەکی ئەڵمانیا سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی سەپاند بەسەر هاوڵاتییەکی عێراقیدا بە تاوانی دەستدریژیی سێکسیی بۆسەر کچێک و دواتر کوشتنی.

دادگا ڕایگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییە عێراقییە تەمەنی ٢٢ ساڵە و ئەو کچەش کە دەستدرێژیی کردووەتە سەری و دواتریش کوشتوویەتی تەمەنی ١٤ ساڵانە.

دادگا لەکاتی دەرکردنی سزاکەدا ڕایگەیاند، بەهۆی توندوتیژی و دڕندەیی تاوانەکەوە کە لەلایەن عەلی بەشار هاوڵاتیی عێراقییەوە ئەنجامدراوە، تاوانکار بێبەشدەکرێت لە ئەگەری ئازادکردنی بە مەرج.

بەشار دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی ئەڵمانیای بەرەو عێراق جێهێشتووە و، دواتر دەستگیرکراوەتەوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، لەکاتی دادگاییکردندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی تاوانەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ئەڵمانیا، بەتایبەت لە شوێنی لەدایکبوونی کچەکە، دواتریش گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، کردیانە بەهانەیەک بۆ دژایەتیکرنی سیاسەتی پێشوازیکردن لە پەنابەران، بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠١٥دا دەرگای ئەڵمانیا کرایەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر لە عێراق و سوریا و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهانەوە توانییان خۆیان بگەیەننە ئەڵمانیا.