سەردێڕ:

سبەی مەسرور بارزانى لەگەڵ وەزیرانى کابینەکەى کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-10

7833 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

بڕیارە سبەی پێنجشەممە مەسرور بارزانى لەگەڵ وەزیرەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەت لە باڵەخانەى ئەنجومەنى وەزیران کۆببێتەوە و کارنامەى حکومەتیان پێ بدات.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیران بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە پێدانى کارنامەى حکومەتەکە بەرنامەی کاری یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دادەڕێژرێت.

ئاماژەى بەوەش کرد، لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی وەزارەتەکان لە شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەت و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراوە.

پاش نیوەڕۆى سبەی پێنجشەممە لیژنەکە سەرپەشتیی یەکەمین ئاڵوگۆڕی هەردوو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و پلاندان دەکەن و، تا کۆتایی هەفتەی داهاتووش سەرجەم وەزارەتەکان ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت.

وتیشی، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی نۆیەم سازبکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ى تەموزى ٢٠١٩) کابینەى نۆى حکومەتى هەرێم بە سەرۆک و جێگر و وەزیرەکانى کابینەکە جگە لە وەزیرى سامانە سروشتییەکان، لە پەرلەمانى کوردستان متمانەیان پێ درا و سوێندى یاساییان خوارد.

ئ.ر