سەردێڕ:

دەنگۆى کۆبوونەوەى نهێنى لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە هەولێر رەتکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-07-10

1245 جار خوێندراوەتەوە

دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى کۆبوونەوەى نهێنى لە نێوان شاندى ئەمریکا و ئێران لە هەولێر، بەرپرسانى واشنتۆن ئەو دەنگۆیەیان رەتکردەوە.

برایان هوک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، بە کەناڵی عەرەبیەی ڕاگەیاندووە، ئێران چەندینجارە بژاردەی دیبلۆماسی ڕەتدەکاتەوە و لە ئێستاشدا هیچ گفتوگۆیەکی نهێنی لە نێوان تاران و واشنتۆندا بەڕێوەناچێت و، لە هەولێریش هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە.

هاوکات مۆرگان ئۆرتەیگەس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا، هەواڵی کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکای لە هەولێر پشتڕاستنەکردەوە، بەڵام ئاماژەى بەوە کرد، زانیاریی لەوبارەیەوە نییە و بەدواداچوون بۆ هەواڵەکە دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، کەناڵی ئای ٢٤ نیوزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هەفتەی ڕابردوو شاندی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا بە نهێنی لە هەولێر کۆبوونەتەوە.

کەناڵە ئیسرائیلییەکە باسى لەوەش کردووە، شاندەکەی ئێران لەلایەن حەسەن خومەینی کوڕەزای خومەینییەوە سەرۆکایەتى کراوە و دوو بەرپرسی سوپاى پاسداران و ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزى ئێران لە عێراق بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.