سەردێڕ:

ڤییۆ.. بۆ سێهەمجار مێرکڵ دووچاری لەرزینی جەستەی بوویەوە

فۆتۆ: 
2019-07-10

3933 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی تەموزی ٢٠١٩) لە بۆنەیەکی گشتیدا دووچاری لەرزین هاتەوە، کە لە ماوەی یەک مانگدا ئەوە بۆ سێهەمجارە دووچاری ئەو حاڵەت دەبێتەوە.

جارێکی تر لاشەی ئەنگێلا مێرکل بە ئاشکرا حاڵەتی لەرزینەکەی بۆ هاتووەتەوە، کاتێک پێشوازیی کردووە لە ئەنتی ڕینی سەرۆک وەزیرانی فینلەندا، لە دەرەوەی بارەگای ڕاوێژکاری لە بەرلین لەکاتی پشکینی پاسەوانی شەرەفدا.

شتیڤان زایبرت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەربارەی ئەو حاڵەتە نوێیەی مێرکل ڕایگەیاند، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەلامەتە دوای ئەوەی بۆ جاری سێهەم بینراوە کە لاشەی دووچاری لەرزین هاتووەتەوە، کاتێک پێشوازیی کردووە لە سەرۆک وەزیرانی فینلەندا، دوای ئەوەی هەندێک خۆراک و خواردنەوەی خواردووە.

دواتریش مێرکڵ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو تەندروستی باشە مایەی دوودڵی نییە، جەختیشیکردەوە لەوەی متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کارەکانی.

ڕاویژکاری ئەڵمانیا لە ڕۆژی ١٨ و ٢٧ی حوزەیرانی ڕابردوودا بە هەمان شێوە دووچاری لەرزینی جەستەی بوویەوە، هەردوو جارەکە ویستوویەتی خۆی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام بۆ چەند چرکەیەک لەرزینەکەی بەردەوام بووە.

ڕاویژکاری ئەڵمانیا لە ئێستادا تەمەنی ٦٤ ساڵە و لە دوای ئەو دۆخەی بەسەریدا هاتووە، لە میدیاکانی وڵاتەکەیەوە قسەوباسی زۆر لەسەر دۆخی تەندروستیی دەکرێت.

مێرکل کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە سەرۆکایەتیی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات، بۆ یەکەمجار و لە ڕۆژی ١٨ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەکاتی دانانی کریستین لامبرخت وەزیری دادی نوێی ئەڵمانیا دووچاری لەرزینی جەستەی بوویەوە.

بۆ دووەم جاریش کاتێک ڕۆژی ٢٧ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەکاتی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە  فۆلۆدیمیر زیلنیسکی ڕووبەڕیووی لەرزینی جەستەی بوویەوە و چەند جارێک لە رێگەی دەستگرتن بە سنگیەوە ویستی خۆی کۆنترۆڵ بکات، تا لە کۆتاییدا خۆی کۆنترۆڵکرد و بە پێوە مایەوە تا کۆتایی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنەکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا نازانرێت کە ئایا راوێژکاری ئەڵمانیا تووشی هیچ کێشەیەکی تەندروستی بووە یان نا.

ئەنگێلا مێرکڵ لە ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هامبۆرگ لەدایکبووە، نزیکەی ١٨ ساڵە سەرۆکی پارتی یەکێتیى دیموکراتیی مەسیحییە و، لە ساڵی ٢٠٠٥یشەوە تا ئێستا ڕاوێژکاری وڵاتی ئەڵمانیایە.

چەند جارێک ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی ماوەی دەسەڵاتەکەی کە ساڵی ٢٠٢١ە، بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی دووردەکەوێتەوە.

ع.م



‌بەپەلە