فۆتۆ:
2019-07-10
2953 جار خوێندراوەتەوە
حكومه‌تى هه‌رێم راگەیەنراوێکى لەسەر تۆپبارانەکانى ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "به‌هيچ شێوه‌يه‌ك قبوڵی ناکەین سنوره‌كان بۆ هێرش و تێكدانى ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ به‌كاربهێنرێت."
لەراگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێمدا هاتووە، "دوێنێ سێشەممە لە ناوچه‌ى پیرانشارى سنوورى لەگەڵ هەرێم، هێرشێکى چەکدارى کرایە سەر چەند ئەندامێکى سوپاى پاسداران، له به‌رامبه‌ردا کۆمارى ئیسلاميى ئێران ناوچە سنووريیەکانى ناوخاکى هەرێمى کوردستانى بۆردومان کرد. کە بەداخەوە بە هۆی بۆردوومانەکە لە یەک خانەوادەدا هاوڵاتیەک شەهید و دووی دیکەش برینداربوون. هه‌ردوو ڕووداوه‌كه مايه‌ى نيگه‌رانى و ناڕه‌زاييى ئێمه‌يه."
روونیشیکردووەتەوە، "هه‌رێمى كوردستان كه سهلماندوويهتى له ناوچه‌كه‌دا فاكته‌رى سه‌قامگيرييه و ڕێز له هاوسنوورى و دراوسێيه‌تى ده‌گرێت، هه‌رگيز ڕێگە نادات و به هيچ شێوه‌يه‌ك قبووڵ ناكات سنووره‌كانى بۆ هێرش و تێكدانى ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ و كرده‌وه‌ى نابه‌رپرسانه به‌كار بهێنرێت."
داواشى لە کۆمارى ئیسلاميى ئێران كردووە، بۆردومانكردنى ناوچه‌كە ڕابگرێت و نه‌بێته هۆى دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ربه‌ده‌ربوونى دانيشوان.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە تۆپخانەکانى ئێران تۆپبارانى سنورى دەڤەرى برادۆستيان کرد و بەوهۆیەشەوە کچێک لە گوندى تەلان شەهید بوو و دوو براشی برینداربوون.
هاوکات جگە لە سنورى برادۆست، تۆپخانەکانى ئێران تۆپبارانی گوندەکانى کۆدۆ و ئاڵانە و دەوروبەرى گوندەژۆریان لە سنورى حاجى ئۆمەرانیش کردووە.