سەردێڕ:

ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-10

4706 جار خوێندراوەتەوە

جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ئاوەکانی کەنداو تێکدەشکێنێت، ئەگەر واشنتن هەر کارێکی "شێتانە" بەرامبەر تاران بگرێتەبەر.

حسێن نەجات، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەکردووە، " سەکۆی موشەکەکانی ئێران دەگەنە بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا و ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەمان بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دەکەینە ئامانج".

باسی لەوەشکردووە، "جەنگ بەشێک نییە لە بەرنامەی ترەمپ، بەڵکو دەیەوێت تاران بهێنێتە ناو گفتوگۆکانەوە ئەویش لە رێگای فشارخستنە سەر وڵاتەکەمان".

دوێنێش بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دا لەوەی ئێران لەبەردەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیدایە و، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە ئاسانی توانایان هەیە بگەنە ئێران.

ئەو پێشهاتە نوێیانەش لە کاتێکدایە، ڕۆژانە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە پەرەسەندندایە، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەمریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سزاکانی لەسەر ئێران زیاتر و فراوانتر دەکات و بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات.

پێشتریش کاتێک سوپای ئەمریکا چەند کەشتییەکی جەنگی و کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری بی ٥٢ و موشەکی پاتیرۆتی رەوانەی ناوچەکە کرد، لێپرسراوانی سەربازیی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر سوپای ئەمریکا هەر سەرکێشییەک بکات و هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا سەرجەم کەشتی و هێزەکانی لە کەنداو نقوم دەکرێت و بە چەکێکی نهێنی هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندیی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.