سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: هیچ وەزیرێک رێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت کار بکات

دواى متمانەدانى بۆ سەرۆکى حکومەت
فۆتۆ: 
2019-07-10

8199 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانى دواى متمانە پێدانى بۆ سەرۆکى حکومەت رایگەیاند، هیچ وەزیرێک رێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت کار بکات و رونیشیکردەوە "حکومەتێکمان وەرگرتووە چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە".

 لەدواى متمانەدانى بۆ سەرۆکى حکومەت مەسرور بارزانى وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، کاردەکەن بۆ دامەزراندنى سندوقى داهات نەوتییەکان و چاکسازى دەکەن لە کەرتى تەندروستى و سیستمى باج رێکدەخەنەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، "بە هیچ شێوەیەک لەبەرامبەر گەندەڵکاراندا نەرمی نانوێنين و هیچ وەزیرێک رێگەى پێنادرێت لەدەرەوى حکومەت کاربکات."

وتيشی، "پشتیوانی کاری چاودێری پەرلەمان دەکەین و ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان دەگرین".

لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم باسی لەوەکرد، "رێگری دەکەین لە زیادەرۆیی بۆ سەر موڵک و سامانی گشتی، رێز لە سەروەری یاسا دەگرین و رێگەنادەین هیچ کەسێک لە دەست یاسا هەڵبێت."

راشیگەیاندووە، "کەرکوک و ماددەى ١٤٠ بنچینەى هەر دانووستانێک دەبێت لەگەڵ بەغدا و پێویستە هەرچی زووترە دۆخی سەربازیی سەپێنراو لە ناوچە جێناکۆکەکان کۆتایی پێبهێنرێت."

ئاماژەى بەوەشکرد، "نابێت هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەسەر جیاوازی بیروڕای سیاسیی سزابدرێت."

ئەمڕۆ بە دەنگى ٨٨ پەرلەمانتار مەسرور بارزانى وەک سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستان متمانەى پێدا.دواتریش قوباد تاڵەبانى بە دەنگى ٧٣ پەرلەمانتار بووە جێگرى سەرۆکى حکومەت، هەروەها جگە لە وەزیرى سامانە سروشتییەکان، وەزیرەکانى دیکەى کابینەى نوێی حکومەتیش متمانەیان پێدرا وسەرجەمیان سوێندى یاساییان خوارد.

 متمانەدان بە کابینەی نۆیەم لە کاتێکدایە زیاتر لە نۆ مانگە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانیش لەسەر بەرکەوتەی هەڵبژاردن و پڕکردنەوەی پۆستەکان لە بەغدا و کەرکوک لەو ماوەیەدا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێندرێت.

ئ.ر