سەردێڕ:

​لاهور جەنگى: قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو زۆنى سەوز پشتگوێ بخرێت

فۆتۆ: 
2019-07-10

7209 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاریی رایگەیاند، "قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت."

لاهور شێخ جەنگى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەفتەنامەى ئاژانس ئاماژەى بەوەکردووە، "لیژنەیەكی باڵا پێك دەهێنين بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە و ئەمجارە دەبێت ئیمكانیات بگەڕێنرێتەوە بۆ زۆنی سەوز. هەندێك دەسەڵاتی پێویست بگەڕێتەوە بۆ زۆنی سەوز بۆ ئەوەی كاروچالاكی و داواكاریی هاوڵاتییان هەمووی نەگەڕێتەوە هەولێر و مامه‌ڵه‌کانیان دوا بخرێت، بەڵكو ئاسانتر بتوانن ئیشوكارە ئیدارییەكانیان ڕایی بكرێت."

وتيشی، چاودێرێكی ورد دەبن بۆ چۆنییەتی بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنه‌ی لە نێوان ئەوان و پارتیدا هەیە.

سەبارەت بە پۆستى پارێزگارى کەرکوک باسی لەوەکردووە، لەم یەك دوو ڕۆژه‌ی داهاتوو ئەو كاندیدەی هەردوولایان لەسەری ڕێككەوتوون، بە ڕەسمی دەناسێنرێت و هەنگاوەكان بۆ دانانی ئەو پارێزگارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبارەى دۆخى ئەمنى کەرکوک و گەڕانەوەى پێشمەرگە بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاریی رایگەیاندووە، "دەبێت بگەڕێینەوە قۆناغی پێش پەلاماری داعش و ٢٠١٤، دۆخەكە چۆن بوو، وای لێ دێتەوە. هێزی پێشمەرگە لەناو شاری كەركوك بوونی نەبووە. ڕاستە ئاسایش بە ڕێككەوتن لەگەڵ پارێزگار چەند بنكەیەكیان هەبووە لەناو شار، بەڵام پێشمەرگە لە دەرەوەی شاری كەركوك بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمه‌ریكییەكان و حكومەتی عێراق ئەركی پارێزگاریكردنیان لە چواردەوری شاری كەركوك پێ سپێردرابوو."