سەردێڕ:

عەبدولمەهدى: لەگەڵ پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکانى سوریا و ئێران رێککەوتووین

فۆتۆ: 
2019-07-10

1856 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە ڕێککەوتنیان کردووە، بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکانى عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران، دەشڵێت پێشمەرگە بۆشایی ئەمنى پڕدەکاتەوە و نزیکەى ٥٠٠ کیلۆمەتر دەپارێزێت.

عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق چەند دەروازەیەکی هەناردەی نەوتی لەدەستداوە، بۆیە لەئێستاوە پێویستی بەوەیە لەڕێی جیاجیاوە دەست بە هەناردەی نەوتەکەی بکات.

راشیگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر پێشنیازێکدراوە، بۆ ئەوەی نەوت لەڕێگەى ئوردن و سوریاوە هەناردە بکرێت، ئاشکرایکرد، حکومەت تاوتوێی پلانی کتوپڕدەکات بۆ جێگرەوەی هەناردەی نەوت، ئەگەر گەروی هورمز داخرا.

عەبدولمەهدی وتیشی، ئەنجومەنی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، چەندین دۆسیەی لەبەردەستدایە کە بەمنزیکانە دەیانکاتەوە، لەوانەش بە قاچاغبردنی نەوت و رووبەرووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.

باسی لەوەشکرد، کە پێشمەرگە بۆشایی ئەمنیى سوپا پڕدەکاتەوە و نزیکەى ٥٠٠ کیلۆمەتر دەپارێزێت بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا بۆشایی دروستبووە.