سەردێڕ:

یوسرا رەجەب: لەبەرئەوەی وتم مەلەفی نەوتی هەرێم شەفاف نییە بەشیر حەداد وتەکانمى راگرت

فۆتۆ: 
2019-07-10

6401 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە کاتى باسکردنى مەلەفى نەوت لە پەرلەمان لەبەرئەوەی وتوویەتى مەلەفی نەوتی هەرێم شەفاف نییە، بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى پارتى وتەکانى راگرتووە.

یوسرا رەجەب بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، دواى برینى وتەکانى لەلایەن بەشیر حەدادەوە، سکاڵاى لاى سەرۆکى پەرلەمان کرد، رێگەی پێدرا وتەکانى دووبارە بکاتەوە.

وتیشی، لەکاتى رێگریکردنیدا، بەشیر حەداد پێی وتووە "ئەوە کارى تۆ نییە" وەک ئاماژەیەک بەوەى کە باسی ناشەفافى مەلەفى نەوتى هەرێمى کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژەی بەوە کرد، "دەربارەی بابەتی رادەستکردنی رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەوە بەشێکە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، لە سەرەتاوە ئێمە کۆتاییمان بەو بابەتە هێناوە و چاسەر ئەوەیە راستەوخۆ یاساکە جێبەجێ بکرێت، نەوەکو بیر لە چارەسەری تر بکرێتەوە."

 ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەگوێرەی پێشنیازێک کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە نەنێرێت، ئەوا لە بەشە بودجەکەی دەبڕدرێت، کە بڕەکەی ١٠ ترلیۆن دینارە، لەو حاڵەتەشدا گەلی کورد ستەمی لێدەکرێت، لەبەرئەوەی داهاتەکانی نەوت و پرۆسەی فرۆشتنی نەوت روون نییە."