سەردێڕ:

ئەمریکا سزای بەسەر بەشێک لە سەرکردەکانی حزبوڵای لوبناندا سەپاند

فۆتۆ: 
2019-07-10

657 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی چواشەممە سزای بەسەر دوو پەرلەمانتار و بەرپرسی بەشی ئاسایشی حزبوڵای لوبناندا سەپاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وڵاتەکەی سزای بەسەر هەریەک لە محەمەد رەعد سەرۆکی فراکسیۆنی (وەفا المقاومة) و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکە و وەفیق سەفا، بەرپرسی بەشی هەماهەنگی رێکخراوەکەدا سەپاندووە کە سەرپەرشتی پەیوەندییە ئەمنییەکانی حزبوڵا لەگەڵ هێزەکانی دیکەی لوبناندا دەکات.

هاوکات واشنتن داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، رێکخراوی حزبوڵای لوبنانی بە هەردوو باڵە سیاسی و سەربازییەکەیەوە "بخرێنە لیستی تیرۆرەوە"، رونیشیکردووەتەوە "بەرپرسانی باڵای حزبوڵا پۆستەکانیان بۆ کاری خراپ و تێکدەرانە بەکاردەهێنن و پشتیوانی لە ئێران دەکەن".

گەنجینەی ئەمریکا داواشی لە حکومەتی لوبنان کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو کەسانە بپچرێنێت کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە.

مانگی ئایاری ساڵی رابردووش ئەمریکا سزای نوێی بەسەر حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و نەعیم قاسم جێگری و چەند سەرکردەیەکی تری ئەو حزبەدا سەپاندووە.

هـ.ع