سەردێڕ:

قایمقامیەتی هەولێر: هەر کۆگایەک پابەندنەبێت بە ڕێنماییەکانەوە دادەخرێت

فۆتۆ: 
2019-07-10

1431 جار خوێندراوەتەوە

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی لیژنەکانی پشکنینی قایمقامیەتی هەولێر، سێ کۆگا داخران و هۆشدارییش دراوە ٧ کۆگای دیکە کە پابەندی ڕێنماییەکان نەبن ڕووبەڕووی داخستن و سزای دارایی دەبنەوە، کە دەگاتە پێنج ملیۆن دینار.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی سێشەممە (٩ی تەموزی ٢٠١٩) قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر بڵاویکردەوە، لیژنەکانیان دە کۆگایان پشکنیوە کە بریتیبوون لە کۆگای کۆمپانیاکانی خۆراک و خواردن و بەروبوومی پەلەوەر و ئاژەڵی.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەمیانەی پشکنینەکان سەرپێچییەکان تۆمارکران بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکان سێ کۆگا داخران و حەوت کۆگای دیکەش هۆشدارییان پێ درا.

جەختیشکراوەتەوە، مەبەست لە پشکنين و چاودێری و بەدواداچوونەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتيیانە، چونکە هەر شوێنێک پابەندنەبێ بە مەرج و ڕێنماییەکان، ڕێکاری ياسايی بەرامبەر خاوەنەکانیان دەکرێت ”جگە لە داخستنی شوێنەکانیان دواتر سزای پێبژاردن لە ملیۆنێک دینار دەستپێدەکات تا پێنج ملیۆن، ئەوەش بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر کراوە.“

ع.م