سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى کۆتاییهێنا بە هەڵمەتى هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ

فۆتۆ: 
2019-07-10

993 جار خوێندراوەتەوە

هەڵمەتەکەی ئێن ئاڕ تی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات، بەڵام ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەردەوامییان هەیە.

ئێن ئاڕ تی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا، چیرۆکی قوربانیی ڕووداوەکانی هاتوچۆی بڵاوکردەوە و ڕاپۆرتی مەیدانیی وردی لەسەر هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و خراپیی ڕێگاکان و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان کرد، هاوکات لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە لە چوارچێوەی هەواڵ و بەرنامەکاندا ڕێنمایی پێویست درایە شۆفێران.

ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم ستایشی هەڵمەتەکەی کرد و بەپێویستی زانی لایەنەکانی دیکەش دەستبکەن بەمجۆرە هەڵمەتانە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.

وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش هەڵمەتەکە بە گرنگ وەسفدەکات و دەڵێت، کاریگەریی باشی هەبووە لەسەر خەڵك و بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی دوو هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمدا ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی ٢٢٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٦٧٠ کەسیش برینداربوون.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجەش داوادەکات سەرجەم میدیاکان هەڵمەتی هۆشیاریی هاتوچۆ دەستپێبکەن.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییانی هەرێم دادەنرێن، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێم بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

ع.م