سەردێڕ:

کابینەى نۆیەم دووەم کابینەیە کە زۆرترین ژمارەى وەزارەت لەخۆدەگرێت

فۆتۆ: 
2019-07-09

1009 جار خوێندراوەتەوە

بە درێژایى مێژووى حکومەتى هەرێم، کابینەى نۆیەم دووەم کابینەیە کە زۆرترین ژمارەى وەزیر لەخۆدەگرێت، ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنی بەرپرسانی باڵای حکومەتە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە پێناوە کەمکردنەوەی گەندەڵیدا ژمارەی وەزارەتەکان کەم دەکەنەوە.

لە ساڵى ١٩٩٢ەوە هەتا ساڵى ٢٠١٩ نۆ کابینەى یەک بەدوای یەکى حکومەت بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان پێکهێنراوە و هەریەکەیان ژمارەیەک وەزارەتیان لەخۆگرتووە، بەجۆرێک کابینەى یەکەم دوای بەڕێوەچوونی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٥ وەزارەت و کابینەى دووەم لە ١٦ وەزارەت پێکهاتبوو.

کابینەى سێیەمی حکومەتیش لەکاتى هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆدا دابەشبوو بەسەر دوو ئیدارەدا و ئیدارەى زەرد لەلایەن ڕۆژ نورى شاوەیسەوە سەرۆکایەتى دەکرا و لە ١٨ وەزارەت پێکهاتبوو، کابینەى سلێمانیش بە ئیدارەى سەوز ناودەبرا لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرۆکایەتى دەکرا و لە ١٥ وەزارەت پێکهاتبوو، بەڵام کابینەى چوارەم کە لە دواى ڕووداوەکانى ٣١ى ئابەوە پێکهێنرا لە ٢٤ وەزارەت پێکهاتبوو، کابینەى پێنجەمیش کە یەکێتى و پارتى دواى ١٠ ساڵ دابڕان لەیەک و دووئیدارەیى پێکیانهێنا  لە ٤١ وەزارەت پێکهاتبوو.

کابینەی شەشەم و حەوتەم بە شێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دابەشکرا و لە ١٩ وەزارەت پێکهاتبوو.

کابینەى هەشتەمیش کە ساڵى ٢٠١٤ بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی پێکهێنرا، لە ٢١ وەزارەت پێکهاتبوو، کابینەى نۆیەمیش دواى نزیکەى نۆ مانگ لە هەڵبژاردن لایەنەکانى بەشدار لە حکومەت ڕێکەوتوون لەسەرى کە لە ٢٤ وەزارەت پێکبێت.

زیادکردنى ژمارەى وەزارەتەکان بە ڕێککەوتنى حزبە پێکهێنەرەکانى حکومەت، لەلایەن بەشێک لە خەڵک و نوسەرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئەم کابینەیەش هەر لە سەرەتادا ڕاستگۆ نەبووە لە بەرامبەر بەڵێنەکانى ڕابردووى بەرپرسان و هەر لە سەرەتاى پێکهێنانیدا دەلاقەیەکى کردەوە بۆ گەندەڵی.

نوسەرێک بە ناوى مەلا فەرمان لە ئەکاونەتەکەى خۆى نوسیوویەتى، ئەم کابینەیە بە زیادکردنى ژمارەى وەزارەتەکان یەکەم هەنگاوی رێخۆشکردنى بۆ گەندەڵی دەستپێکرد و ئەم هەنگاوە بە هەنگاوی یەکەمی بێبەڵێنی دادەنرێت لەگەڵ خەڵک و رێخۆشکەرێکی باشیشە بۆ پەرەسەندنی زیاتری پەتای گەندەڵی.

دەشڵێت، هەموو بەڵێنی ئەوەیان دابوو کە وەزیر و وەزارەتەکان کەمبکەنەوە، کەچی بە پێچەوانەوە زیادکران، ئەمەش بۆ رازیکردنی دڵی ئەم حزب و ئەو حزب بوو.

وەک ڕەخنەگرانى دۆخى هەرێم باسیلێوەدەکەن، کە زیادکردنى ژمارەى وەزارەتەکان بەدەر لەوەى کە بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر شانى حکومەت، هیچ دەستکەوت و بەرهەمێکیان بۆ خەڵک پێ نییە، چونکە حکومەتى عێراق ئیدارەى زیاتر لە ٣٢ ملیۆن کەس دەکات بە ٢٢ وەزارەت، بەڵام حکومەتى هەرێم ناتوانێت ئیدارەى پێنج ملیۆن کەس بکات بەو ژمارە وەزارەتە و هیچ کاتیش ژمارەى وەزارەتەکان هۆکار نەبووە بۆ باشکردنى گوزەرانى خەڵک.