سەردێڕ:

ئەفسەرێکی هاتوچۆ هۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکان لە هاویندا ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-07-09

1474 جار خوێندراوەتەوە

به‌پێی به‌دواداچوونێكی ئه‌فسه‌رێکی هاتوچۆ، له ‌وه‌رزی هاویندا به‌راورد به‌ وه‌رزه‌كانی دیكه‌ ڕێژەی رووداوه‌كانی هاتوچۆ زیاتر دەبێت، هۆكارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆئەوەی بەهۆی گەرماوە قیری شەقامەکان شلدەبنەوە و بڕێکی ئۆتۆمبیلەکان بەباشی کارناکەن.

شاره‌زایان و ئه‌فسه‌رانی هاتوچۆ، بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتییان و شۆفێران و كه‌مكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان، داواده‌كه‌ن شۆفێران ‌ته‌واوی رێنماییه‌كانی هاتوچۆ جێبه‌جێ بكه‌ن و له ‌خێرایی دیاریكراو تێپه‌ڕنه‌بن و مه‌رجی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا هەبێت و، بە هەڵە ئۆتۆمبێلی دیکە تێنەپەڕێنن و لەکاتی گەرماشدا هەوڵبدەن هاتوچۆکردنەکانیان بخنە کاتە فێنکەکانەوە.

خراپیی شەقامەکان و شەقامی یەک ساید و نەبوونی هێمای پێویست لەسەر شەقامەکان و زۆریی تاسە دانراوەکانی هاتوچۆ و هاوڵاتییان، ‌گرنگترین ئه‌و گرفتانه‌ن كه‌ ڕووبه‌ڕووی شۆفێران ده‌بنه‌وه.

به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێم، له‌ سێ مانگی وه‌رزی هاوینی ساڵی ٢٠١٧دا ٢١٦١ كه‌س به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ برینداربوون و گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ سێ مانگی ساڵی ٢٠١٨دا ژماره‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه ‌و كۆی گشتیی ئه‌وانه‌ی برینداربوون و گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ کەمبووەتەوە بۆ‌ ١٣٨٥ كه‌س.

بەشێک لە بەرپرسانی هاتوچۆش هاوڕان له‌گه‌ڵ شۆفێراندا و نایشارنه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ رێگاوبانه‌كانی‌ ناوه‌وە و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، پێویستیان به‌ دانانی‌ هێمایە، بۆئەوەی ڕێنمایی پێوست بدرێتە هاوڵاتییان.

ع.م