سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: لەمەودوا نەوت بۆ سوریا و ئوردن هەناردە دەکەین

باسی بە قاچاغبردنی نەوتی کردووە
فۆتۆ: 
2019-07-09

2156 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری چەند پێشنیازێکی داوە، لەوانەش هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن و سوریا.

عەبدولمەهدی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، "عێراق چەند دەروازەیەکی هەناردەکردنی نەوتی لەدەستداوە، بۆیە ئێستا پێویستی بەوەیە لە ڕێگەی جیاجیاوە دەست بە هەناردەی نەوتەکەی بکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر پێشنیازێک دراوە، لەوانە هەناردنی نەوت بۆ ئوردن و سوریا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چەندین دۆسیەی لەبەردەستدا، کە بەمنزیکانە دەیانکاتەوە، لەوانەش بەقاچاغبردنی نەوت و ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەت تاوتوێی پلانی کتوپڕ دەکات بۆ جێگرەوەی هەناردەکانی نەوت، ئەگەر هاتوو بەندەری هورمز داخرا.

لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی نەوتی (کەرکوک - بانیاس) نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکی هەناردەی دەرەوە کردووە بۆ سەر بەندەری بانیاسی سوریا، درێژیی ئەو بۆریە نزیکەی ٨٠٠ کیلۆمەترە و لەتوانایدایە ڕۆژانە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بکات، بۆریەکە لە ساڵی ١٩٥٢دا کراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا لە هەوڵی ئەوەدایە بڕی هەناردەی خۆی بەرزبکاتەوە بۆ ٧ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدایە ئێستا ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.

لە دوای سعودیە لە ئێستادا عێراق بە دووەم بەرهەمهێنی نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک دادەنرێت، زۆربەی نەوتی خاوی وڵاتەکەشی ڕەوانەی دەوڵەتانی ئاسیا دەکات.

ع.م