سەردێڕ:

مەلا بەختیار: با یاسا سەروەربێ‌‌ و هێزی چەكداری تایبەتی لە كوردستاندا نەمێنێت

فۆتۆ: 
2019-07-09

3439 جار خوێندراوەتەوە

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرانی حزبەکەی داوایکرد، یاسا لە كوردستان سەروەربێت ‌‌و میلیشیا و هێزی چەكداریی تایبەتی لە كوردستاندا نەمێنێت، بەڵكو هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش هەبێت‌.

مەلا بەختیار باسی لە ئۆپۆزسیۆنبوونی هەندێک لە حزبەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "پێمخۆشە ئەو حزبانەی بوون بە ئۆپۆزیسۆن وەكو یەكگرتوو، كۆمەڵیش كە بەرەو ئۆپۆزسیۆن دەڕوات و نەوەی نوێ‌ كە ئۆپۆزسیۆنە، ئەمانەش بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەكانی رابردووی ئۆپۆزسیۆن، یان بەرهەڵستكار، ئۆپۆزسیۆنێكی بونیادنەر و رەخنەگرێكی بونیادنەربن. هەروەها رەخنەگرێكی چارەسەركەری كێشەكان بن."

سەبارەت بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "لە دوای نۆ مانگ تازە بە تازە حكومەت لە كوردستاندا‌ و بە ناچاری پێكدەهێنرێت، نەك بە لێكتێگەیشتنێكی تەواو. واتە هیچ چارە نەما لەبەردەم ئەو لایەنانەی كە حكومەت پێكدەهێنن، تەنها پێكهێنانی حكومەت نەبێت! ئەویش بەم چەشنە پێكدێ! ئەگەرنا هەموولایەك هەوڵی خۆیدا كە چۆنی دەوێ‌ حكومەتەكە بەو شێوەیە بێت‌ و مەرجەكانی لە پێكهێنانی حكومەتدا رەچاو بكرێت، كە سەرەنجامیش ئاوا پێكهات كە پێكهات."

دەربارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا مەلا بەختیار ڕایگەیاند، تا ئێستا كێشەی نەوت‌ و غاز و بودجە و موچە و ئەو كێشانەی لەگەڵ بەغداد هەبووە، هێشتا ماوە و گفتوگۆش بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێنەكردنی دەستور و بەتایبەتی مادەی (١٤٠) كێشەیەكی گەورەیە لە نێوان كوردستان‌ و حكومەتی عێراق.

دەربارەی سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، سیستمی حوكمڕانیی ئێستای هەرێم، ئیتر پێویستی بە گۆڕانكارییە و پێویستی بەوەیە ئەو سیستمەی كە لە هەشت كابینەكەی پێشووتر ئیشیكردووە، گۆڕانی بەسەردابێت‌ و بكرێت بە سیستمێك كە لە كابینەی نۆیەم‌ و لە سەردەمی هەرە پێشكەوتووی ئێستای تەكنەلۆجیا‌ و سەردەمی زانست‌ و زانیاریی و سۆسیالمێدیا ئیشدەكات.

وتیشی، "بەرهەڵستكارم بۆئەوەی حكومەتێكی گۆڕانكاریی‌ و چاكسازیی دروستبكەین."

ع.م