سەردێڕ:

میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان نیگەرانی لێکەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-09

2140 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئاشکرابوونی سیڤی و ناوی کاندیدەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر ناڕەزایەتییان دەربڕی.

سابیر ئیسماعیل ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد، دیاریکردنی وەزیرەکان نادادپەروەرانە بووە.

لە کۆی چوار وەزارەت کە بەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوتووە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، وەزیرێکیان لەسەر پشکی شاری هەولێر دانراوە و نزیکەی ٢٠ کەس کێبڕکێیان کردووە بۆ وەرگرتنی.

بەشدار حەسەن ئەندامی ژووری حكومه‌ت و په‌رله‌مان ئەوەی خستەڕوو، ئەو یەکێکبووە لەو کاندیدانەی کە ناوی شۆڕتلیست کراوە بۆ وەزیری بازرگانی، بەڵام ناڕازییە لە شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکان و دەڵێت، تا دواین سات یەکێکبووە لەو کەسانەی نزیکبووە لە وەرگرتنی پۆستەکە.

چەند بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر واژۆی ناڕەزایەتییان لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکان کۆکردووەتەوە و گەیاندوویانەتە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە.

فاخیر محه‌مه‌د به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ مه‌كۆی هه‌ولێری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دەڵێت، ناوی هیچ كه‌سێك بۆ لیستی ناوه‌كان زیادنەکراوە، كه‌ پێشتر تیایدا نه‌بووبێت.

بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی حزبە بەشداربووەکانی حکومەت، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەوەی کە لە دیاریکردنی کاندیدی وەزارەت و پۆستە باڵاکاندا ڕەچاوی پشکی ناوچەکانیان نەکراوە.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌سه‌ره‌تای ململانێی كاری سیاسیدا ڕەخنەی ئەوەی لە پارتی و یەکێتی دەگرت کە دەموچاوە دووبارەکان لە پۆستەکاندا دادەنێنەوە و ڕێگری دەکەن لە چوونە پێشەوەی کەسانی دیکە، بەڵام ئێستا بەشێک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئەم ڕەخنەیە لە خۆیان دەگرن.