سەردێڕ:

سەنگاو.. دوو برا لەسەر کێشەی زەوی و زار کوژران

فۆتۆ: 
2019-07-09

5468 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تین، چەمچەماڵ، ڕزگار جەبار

سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر کێشەی زەوی و زار لە گوندێکی سەربە ناحیەی سەنگاو دوو هاوڵاتی کوژران، کە یەکێکیان مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانە.

ئەیوب حەمە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، کاتژمێر٦:٣٠ خولەکی ئێوارە تەرمی مێردمنداڵێک هێنراوەتە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ، کە لەسەر کێشەی زەوی و زار کوژراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسە تەمەنی ١٧ ساڵانە و دانیشتووی گوندی رەباتی سەربە ناحیەی سەنگاوە و بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە شەڕ دروستبووە و کوژراوە، بۆ زانیاری و پشکنینی زیاتر تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە شەڕەکەدا برایەکی کوژراوەکە برینداربووە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئەویش گیانی لەدەستداوە، کە تەمەنی ٢٩ ساڵە.

لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی زەوی و زار چەندین شەڕ روویانداوە، زۆرجاریش پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک براوە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ع.م




‌بەپەلە