سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوی کاندیدە دوورخراوەکانی پارتی ئاشکرادەکات

پرسی پێکهێنانى حکومەت
فۆتۆ: 
2019-07-09

43376 جار خوێندراوەتەوە

هیچ یەکێک لەو کاندیدانەی کە سەر بە باڵەکەی نێچیرڤان بارزانی بوون بۆ کابینەی نوێی حکومەت، دانەنران و ئێن ئاڕتیش زانیویەتی کە مەسروور بارزانی دەیەوێت ئاسەواری نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی نوێدا بسڕێتەوە.

هەریەک لە ئاشتی هەورامی، نەوزاد هادی، عەبدولسەلام مەدەنی، نزار عیسمەت، ڤالا فەرید، ئەو کاندیدە بەهێزانەی پارتی بوون کە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حزبەدا ناویان هاتبوو بۆ وەرگرتنی وەزارەت.

ئێن ئاڕتی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتەوە زانیویەتی، کاندیدکردنەوەی ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانە سرووشتیەکان، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی بووە، بەڵام لەدوایین ساتەکانی ڕاگەیاندنی ناوەکاندا، نە ئاشتی هەورامی و نە هیچ یەکێک لەو کاندیدانەی دیکە کە ناویان هاتبوو، لە لیستەکەدا نەبوون، جگە لەوەی کە ڤالا فەرید بۆ وەزیری داد کاندیدکرابوو، پاش دوورخستنەوەی، پۆستی وەزیری هەرێمی پێدراوە کە تائێستاش نازانرێت ئەرک و بەرپرسیارێتی چییە.

سەرچاوەکە وتیشی، مەسروور بارزانی، خاوەنی دید و تێڕوانینی خۆیەتی لە حوکمداری و مەلەفی نەوتدا، بەدوورخستنەوەی ئاشتی هەورامیش، دەیەوێت سیاسەتی نەوت جۆرێکیتر دابڕێژێتەوە و هەموو جوڵە و مامەڵەیەکی نەوتی، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی خۆیدا بێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، هەموو ئەوانەی کە لەکابینەی هەشتەمدا بەرپرسیارێتی گەورە و لاوەکییان هەبووە، گۆڕاون و لە بەرنامەشدایە، تەواوی ستاف و کاروبارەکانی وەزارەت، لەژێر کۆنترۆڵی یەک دەسەڵاتدا بێت لەناو ئەنجومەنی وەزیران.

دوێنێ دووشەممە ٨ی تەمووزی ٢٠١٩ مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت ناو و سیڤی سەرجەم وەزیرەکانی کابینەکەى جگە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمی ڕادەستى پەرلەمان کرد و بڕیارە سبەینێ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر کابینەکەی بدرێت.