سەردێڕ:

چی دەربارەی جێگرەوەی هواوی بۆ سیستمی ئەندرۆید دەزانیت؟

فۆتۆ: 
2019-07-09

3117 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی جەختیکردووەتەوە کە سیستمی (Hongmeng) دەبێتە سیستمێکی خێراتر لە سیستمەکانی ئەپڵ و ئەندرۆید، روونیشیکردووەتەوە، هەندێک تایبەتمەندیی بەسوود لە سیستمەکەدا بوونی هەیە.

رێن چێنگ فای سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی باسی لەوەش کردووە، سیستمە تازەکە لە مۆبایلە زیرەکەکان و رۆبۆت و تابلێت و کۆمپیوتەرەکانیشیاندا بەکاردەهێنرێت.

پەرەدان بە سیستمی بەرنامەکانی هواوی ناسراوە بە (Hongmeng) و دوای ئەوە هات، حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای هواوی خستە لیستی رەشەوە و رێگەی نەدا سیستمی ئەندرۆید لە بەرهەمەکانیدا بەکاربهێنێت، کە دروستکراوی کۆمپانیای گوگڵی ئەمریکییە.

هەرچەندە هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەمەودوا کۆمپانیا ئەمرکییەکان دەتوانن بەرهەمەکانیان بە هواوی بفرۆشن، بەڵام هواوی سورە لەسەر پەرەدان بە سیستمە تازەکەی.

لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا هواوی سیستمەکەی لە وڵاتی چین تۆمارکرد بە ناوی "هۆنگ مێنگ" ، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان سیستمەکە بە "ئارک" تۆمارکراوە.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیا چینییەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا سیستمەکە بڵاودەکرێتەوە و لە بەرهەمەکانی هواویدا بەردەستدەبێت و داوا لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا کراوە هاوبەشی بکەن لە بەکارهێنانی سیستمەکەدا.

بڕیاروایە مانگی تشرینی یەکەم سیستمی هۆنگ مێنگ لە بەشێک لە مۆبایلە زیرەکەکاندا وەکو سەرەتایەک بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمەکە بەکاربهێنرێت.

رۆژی ٥ی تەموزیش کۆمپانیای هواوی رایگەیاندووە، لە بەرهەمی نوێی کۆمپانیاکەیاندا کە مۆبایلی "میت ٣٠"یە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مۆبایلەکەدا سیستمەکەشی تێدا جێگیردەکرێت.

بەرپرسانی هواوی رایانگەیاندووە، سیستمی هۆنگ مێنگ دەتوانێت پێشبڕكێیەکی راستەقینەی ئەندرۆید بکات و، بۆ لەمەودواش کۆمپانیاکەیان پارێزراو دەبێت لە هەر سزایەک کە حکومەتی ئەمریکا بەسەریاندا بیسەپێنێت.

پێشتر واشنتن كۆمپانیای هواویی تۆمه‌تبارکرد بەوەی لەلایەن حكومه‌تی چینه‌وه ‌بۆ سیخوڕیكردن به‌كاردەهێنرێت، هەربۆیە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا کاروبارەکانی هواوی لە ئەمریکا قەدەغەبکات و ناوی ئەو کۆمپانیایەی خستە لیستی ڕەشەوە، ڕێگرییکردووە کە نابێت هیچ کۆمپانیایەکی ئەلەکترۆنی کەرەستەی پێ بفرۆشێت و کاریان لەگەڵدا بکات بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ئەمەریکا.

هواوی گەورەترین كۆمپانیای چینە له ‌بواری مۆبایل و لە ١٧٠ وڵاتی جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشێت و، ١٩٠ هەزار کارمەندی هەیە، ساڵی ٢٠١٨ش داهاتەکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بووە.

هـ.ع