سەردێڕ:

نەتەنیاهو: فڕۆکەکانمان لە توانایاندایە بگەنە ئێران

ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئیسرائیل
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەیری یەکێک لە فڕۆکەکانی جۆری ئێف ٣٥ دەکات
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-09

3545 جار خوێندراوەتەوە

بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دا لەوەی ئێران لەبەردەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیدایە و، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە ئاسانی توانایان هەیە بگەنە ئێران.

نەتەنیاهو لەمیانی سەردانێکیدا بۆ یەکێک لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "سەردانێکی سەرنجڕاکێشم کردووە بۆ یەکێک لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی، پێموایە فڕۆکە و چەکەکانمان لە جۆری ئێف ٣٥ لەتوانایاندایە بگەنە ئێران، کە بە یەکێک لە هەرە پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهان دادەنرێت."

لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، "لەم ماوەیەی ڕابردوودا ئێران هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسرائیلی کرد، باشتروایە بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو فڕۆکانە (ئێف ٣٥) توانای گەیشتنیان هەیە بە هەر ناوچەیەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە دڵنیاییشەوە دەگەنە ئێران."

بەگوێرەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەیەک لەسەر شێوازی هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاهێنان دەکەن.

ئەو لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران گۆڕانکاریی بەپەلە و جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت هەنگاوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران، بەوەی کە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە.

ئیسرائیل پێیوایە، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەڕەشە لەسەر بوونی ئەو دروستدەبێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی تەلئەبیب چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش بۆ زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە.

ع.م

‌بەپەلە