سەردێڕ:

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای قەرەبووکردنەوەی دەمیرتاش دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-09

3947 جار خوێندراوەتەوە

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) قەرەبوو بکاتەوە، لەبەرئەوەی لەکاتی زیندانیکردنیدا رووبەرووی پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە.

ماڵپەڕی هاوارنیوز بڵاویکردووەتەوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارەکەیدا باسی لەوە کردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەکانی تورکیا ناتوانێت وەکو پێویست بیروڕاکانی خۆی بە دەرەوە بگەیەنێت و ئاستەنگی بۆ دروستدەکرێت.

باس لەوەش کراوە، دادگا بڕیاریداوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیدا، حکومەتی تورکیا قەرەبووی ماددی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان بکاتەوە بە بڕی دوو هەزار یۆرۆ  و تێچوی دادگایکردنیشی بە بڕی هەزار یۆرۆی دیکە لە ئەستۆ بگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر لە دوو ساڵە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە و سزای چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئیستەنبوڵەوە.

ئەو تۆمەتەی سەڵاحەدین دەمیرتاشی پێ تۆمەتبارکراوە بریتییە لەوەی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لە ساڵی ٢٠٠٥ باسی لە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان و پێشێلکردنی مافەکانی لە زیندانی ئیمراڵیدا کردووە، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەوە وەکو پشتیوانی لە تیرۆر لێکدراوەتەوە.

هـ.ع

‌بەپەلە