سەردێڕ:

نوێترین هەڵوێستی روسیا سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران

فۆتۆ: 
2019-07-09

5085 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوەن زانیاریی فەرمییان لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە پێبگات، لەبارەی تێپەڕاندنی بڕی دیاریکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە، جەختی لەوەش کردووەتەوە، مانەوەی رێککەوتننامەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هۆشدارییانە کردووە کە بەرپرسانی ئێران لەبارەی پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێژه‌ی دیاریكراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە دەیدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا باسی لەوەش کردووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرچاوەی متمانەپێکراویانە.

ڕاشیگەیاندووە، دڵنیان له‌ درێژه‌دان به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی، ئه‌گه‌ر بێتو سه‌رجه‌م لایەنه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كانیان جێبەجێبکەن.

دوێنێ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، هەنگاوی سێهەمی چالاکییەکانی بریتی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی ٢٠%.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئێرانیشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران و ڕایگەیاند، ئێران زۆر شتی خراپی ئەنجامداوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیپێنادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هـ.ع