سەردێڕ:

مۆزەخانەی بەریتانیا چەند شوێنەوارێکی دێرینی عێراقی دەگەڕێنێتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-09

735 جار خوێندراوەتەوە

مۆزەخانەی بەریتانیا چەندین شوێنەواری دێرین دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان کە لە ڕابردوودا تاڵانکرابوون.

ڕۆژنامەی ئیندپێندەنتی بەریتانی بڵاویکردەوە، مۆزەخانەکەی شاری لەندەن، لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیادا لە پەیوەندیدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەوارانە کە لە کاتی شەڕدا تاڵانکراون و بە قاچاغ گەیەندراونەتە بەریتانیا.

شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی عێراق پێکهاتووە لە ١٥٤ تاتەقوڕ کە بە زمانی بزماری (یەکێک لە کۆنترین زمانەکانی نوسین) لێی نوسراوە و لە ساڵی ٢٠١١دا لە کاتی بەقاچاغبردنی بۆ بەریتانیا دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو شوێنەوارانە مێژووەکەی بۆ ساڵانی نێوان ٤ بۆ ٦ی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە پارێزگای دیالە لە ساڵی ٢٠٠٣دا تاڵانکراوە.

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕادەستی لیژنەی ئەنتیک و کەلەپوری عێراق بکرێتەوە و دووبارە لە مۆزەخانەی بەغدا هەڵبگیرێت.

شوێنەوارەکەی ئەفغانستانیش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مێژوویی گاندارا کە ١٥٠٠ پێش زایین بوونی هەبووە، لە نێو شوێنەوارەکانیشدا ٩ سەری پەیکەری تێدایە کە لە قوڕ دروستکراون و دواتر بۆیەکراون، هەروەها پەیکەری تۆرسۆی بوزییەکانی تێدایە، کە بە گوێرەی بەدواداچونەکانی بەریتانیا ساڵی ٢٠٠٣ ئەم شوێنەوارە بەتاڵانبراوانە گەیەندراونەتە بەریتانیا و دواتریش دەستیان بەسەرداگیراوە.